دەڵێن، مەترسی هەیە
دانانی بورجێک دانیشتووانی گەڕەکێکی دێرەلووکی نیگەران کردووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی دانانی بورجێکی تەلەفۆن لەسەر ماڵێکی گەڕەکەکە، دانیشتوانی گەڕەکی شەهیدانی ناحیەی دێرەلووک گردبوونەوە، بۆ ماوەی 20 خولەک رێگای سەرەکی چوونە ناو ناحیەی دێرەلووک -یان داخست.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.2.16 دانیشتووانی ئەو گەڕەکە گردبوونەوەکەیان ئەنجامدا، ئەوان رازی نین بورجەکە لە گەڕەکەکەیان هەبێ.
محەمەد نێروەی، یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدانە و بە 964ـی وت، نزیکەی دوو مانگە بورجێک لە سەربانی ماڵێک دانراوە و کاری تێیدا نەکراوە، ئێمەش وەک دانیشتووانی گەڕەکەکە لە دانانی بورجەکە رازی نین و 250 واژۆمان کۆکردووەتەوە و سکاڵامان تۆمارکردووە.
وتیشی، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ بورجەکە لە پرۆسەی تەواوبووندایە، گردبووینەوە و رێگای سەرەکی ناحیەکەمان داخستووە و دەمانەوێت بەرپرسانی ناحیەکە، چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێنەوە.
لە بەڕای ئەوان، دانانی بورجی تەلەفۆنەکە لە نزیک ماڵەکان مەترسیدارە و هۆکارە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، گەڕەکی شەهیدان دەکەوێتە سەرەتای ناحیەی دێرەلووک و نزیکەی 300 ماڵ تێیدا نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا