لە شەقامی 100 مەتری هەولێر
کاڵبوونەوەی بۆیاخی ئاڕاستەکان و چاڵوچۆڵی زۆر ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە
964+
عەبدول عەزیز خالند_ هەولێر
کاڵبوونەوەی بۆیاخی ئاڕاستەکان و چاڵوچۆڵی زۆر لە شەقامی 100 مەتری هەولێر و بەدیاریکراوی لە جادەی کەرکوک بۆ جادەی موسڵ، ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە.
دیلان عەبدوڵا بەڕێوبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم بە 964ـی وت، “لە ساڵی 2023ـەوە دەستمان کردووە بە بۆیاخکردنەوەی شەقامەکان و تائێستاش بەردەوامین و سەرجەم تاسە و ئاڕاستەکانی شەقامەکانمان بۆیاخ کردووەتەوە، جگە لەو رێگایانەی قیرەکانیان تێکچووە”.
باسی لەوەش کرد، بەشێکی شەقامی 100 مەتری هەولێر پێویستی بە بۆیاخکردنەوە هەیە بەڵام لەبەر تێکچوون و نەمانی قاتی یەکەمی قیرەکان، لە ئێستادا بۆیاخ ناکرێتەوە، ئەوەش ئاستەنگی هاتوچۆ و هەندێک جاریش رووداوەکانی هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری