بایدن لە كۆنگرێس چی وت؟

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولیر 

دوێنێ سێشەممە 7ی شوبات، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرێس وتاری ساڵانەی پێشكەشكرد، ئەو دەڵێت زۆرترین خزمەتی لە ماوەی سەرۆكایەتیدا كردووە.

هۆڵی كۆنگرێس ئامادەكاری كرد بۆ وتاری ساڵانەی سەرۆكی وڵات، جۆ بایدن و سەرجەم ئەندامانی كۆنگرێس لە هۆڵەكەدا ئامادەبوون.

سەرەتای وتارەكەی بە هەلی كار دەستپێكردوو وتی ”كارێكمان كردووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نەكراوە، 12ملیۆن هەلی كارمان رەخساندووە ، لە یەك ساڵدا  800 هەزار كارمان لە كەرتی تایبەت رەخساندووە.

وتیشی، ”كاری زیاتر دەرەخسێنین پلانمان هەیە ئەو ژمارەیە بۆ 15ملیۆن بەرزبكەنەوە.

لەبارەی کەرتی تەندروستیەوە وتی، ”كەمترین خەرجی تەندروستیمان لەسەر شانی هاوڵاتی ئەمریكی هێشتوەتەوە و هەوڵدەدەین قۆرخكاری لە بواری تەندروستیدا لە وڵاتەكەمان نەهێڵین.

بەشێكی دیكە لە قسەكانی بایدن سەبارەت بە بابەتی ئابوری وڵاتەكەی بوو وتی ”تا 20 ساڵی دیكەش وڵاتەكەمان و جیهانیش هەر پشت بە نەوت و گاز دەبەستێت، بەڵام تا كۆتایی دونیا ئەمە بەو شێوەیە نابێت.

لەبارەی پۆستی سەرۆكایەتیەوە وتی  ”ململانێی سیاسی لە هەموو جیهاندا هەیە، بەڵام نابێت ململانێكە ببێتە كێشەی گەورە و وڵاتەکە بەرەو هەڵدێر ببات.

جۆزێڤ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بەشێكی وتارەكەی بۆ بابەتی كۆرۆنا تەرخانكرد و وتی، كۆرۆنا ئابووری وێرانكردین، قوتابخانە و زانكۆكانی داخست، بەڵام ئێمە بەهێزبووین و توانیمان ڤایرۆسەكە تێپەڕێنین.

وتارەكەی جۆ بایدن، كاتژمێرێك و 42 خولەكی خایاند، لەنێو ئاپۆرای ئەندامانی كۆنگرێسدا، دواتریش لەگەڵ كەمالە هاریسی جێگری كۆنگرێسیان بەجێهێشت و گەرانەوە كۆشكی سپی.