تایەى سووتاندووە
کەسێک بۆ خۆگەرمکردنەوە ژینگەى هەولێرى پیسکردووە
964+
وریا فەتاح
وەک ئەوەى پیسبونى ژینگەى هەولێر هۆکارەکەى ئەم ئاگرە بێت، ئەمڕۆ هەینى، فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بەدواداچوونى بۆ دووکەڵێکى زۆر کردووە کە لەسەر رێگەى تورەق بەرز بووەتەوە، دواى چونى تیمەکانیان دەرکەوتووە کە کەسێک بۆ خۆگەرمکردنەوە ئاگرێکى گەورەى کردووەتەوە و تایەى سووتاندووە و دووکەڵى بۆ ئاسمان بەرز کردووەتەوە.
فەرمانگەکە بڵاوى کردەوە، لێژنەی بەدواداچوونی فەرمانگەکەیان بەدواداچوونیان کرد بۆ ئەو دووکەڵەى کە لە رێگاى تورەق دروست بوو، بەڵام دەرکەوت کەسێک بۆ خۆگەرمکردنەوە هەڵساوە بە سوتاندنی پاشماوەو دروستکردنی دووکەڵێکی زۆر و پیس کردنی ژینگەی ناوچەکە.
لیژنەکە وێڕاى کوژاندنەوەى ئاگرەکە، ئاگادارى کەسەکەى کردووەتەوە کە جارێکى تر ئاگرى لەم شێوەیە نەکاتەوە و بەڵێننامەى لێوەرگیراوە کە دوبارەى نەکاتەوە بە پێچەوانەوە وەک دەڵێن، رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ماوەیەکى زۆرە هەولێر بەدەست دوکەڵ و بۆنى ناخۆش گرفتارە، رۆژانە دیمەنى تەمێکى چڕ لە ئاسمانى هەولێر دەبینرێت و پێشتریش چەندین رێکار گیراوەتەبەر بۆ پاککردنەوەى ژینگەکەى شارەکە، بەڵام بوونى ژمارەیەکى زۆرى پاڵاوگەى نایاسایى لە دەورووبەرى شارەکە هۆکارە بۆ ئەوەى ئاسمانى هەولێر بە بەردەوامى تەمێکى چڕى لەسەر بێت.