بەم شەوە
لە بەردەڕەش شەڕەتەقە روویدا و کەسێک بریندارە
964+
هێڤی دێوالی-دهۆک
کەمێک لەمەوبەر، لە ناو سەنتەرى قەزاى بەردەڕەش شەڕەتەقە روویدا و بەهۆیەوە کەسێک بریندارە.
کاتژمێر 9ـى ئەمشەو، دەنگى شەڕەتەقەیەکى زۆر لە قەزاى بەردەڕەش بیسترا و پەیامنێرى 964 بەدواداچوونى بۆکرد، سەرچاوەیەکى ئەمنى سنوورى بەردەڕەش بە 964ـى وت،”شەڕەتەقەکە لە سەنتەرى قەزاى بەردەڕەش روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە”.
وەک باسى دەکات، هەر زوو هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و بریندارەکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە.
بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، جگە لە برینداربوونى کەسێک، ئۆتۆمبێلێکیش زیانى پێگەیشتووە، چونکە شەڕەتەقەکە لە نێوان دوو لایەندا روویداوە.
لاى خۆیەوە، نەشوان بەرزنجی، وتەبێژی تەندروستیی قەزای بەردەڕەش بە 964ـی وت، “بریندارێکى شەڕەتەقەکە گەیەنراوەتە فریاکەوتنى بەردەڕەش و ئێستا لە ژێر چاودێرى پزیشکیدایە، بەڵام مەترسى لەسەر گیانى نییە”.
هەرچەندە 964 ویستى بزانێت هۆکارى شەڕەتەقەکە چى بووە و کێن ئەوانەى تەقەیان کردووە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکە وتى،”جارێ سەرەتایە و لێکۆڵینەوە دەکەین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح