بوومەلەرزەکەی تورکیا زیانی لە بەنداوەکانی کوردستان نەداوە

964+

توانا نەقی

بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەلامەتن و ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە باکوری کوردستان و تورکیا و رۆژئاوای کوردستان روویدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەنداوەکانی کوردستان نەبووە.

تۆڕی964 بەدواداچوون بۆ سەلامەتی بەنداوە گەورەکانی دوکان، دەربەندیخان، دهۆک دەکات.

فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک بە تۆڕی964ی راگەیاند، بەو پێیەی پارێزگای دهۆک نزیکترە لە تورکیاوە دەمودەست پشکنینمان بۆ هەموو بەشەکانی بەنداوەکانی سنووری پارێزگای دهۆک کردووە و بەردەوامیشین لە چاودێری کردن.

وتیشی “بوومەلەرزە بەهەر پلەیەک رووبدات کاریگەری دەبێت لەسەر بەنداوەکان، بۆیە پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە و ئێستا بەنداوەکە سەلامەتە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە”.

بوومەلەرزەکە لە کاتێکدایە لە 2017 بەهۆی بوومەلەرزەوە مەترسی کەوتەسەر بەنداوی دەربەندیخان.

سامان ئیسماعیل، بەڕیوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی964ی راگەیاند، هەر لەکاتی بوومەلەرزەکەی ئەمجارەدا تیمەکانمان بە هەموو ئامێرێکی پشکنینەوە پشکنینی تەواومان بۆ بەنداوەکە کردووە و سەلامەتە.

وتیشی “ئەو زیانانەی کە لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017 بەر بەنداوەکە کەوت بەشێکی چارەسەر کراون و لەبەر قەیرانی دارایی حکومەت نەیتوانی قۆناغی دووەمی پارەکەمان بۆ خەرجبکات تاوەکو ئەوەی ماوە چاکی بکەینەوە”.

لای خۆیەوە کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە تۆڕی964ی وت، چەقی بوومەلەرزەکە 900 کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە، بۆیە هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوەکە دروستنەبووە و پشکنینشیان بۆ بەشەکانیشی کردووە.

سەلامەتی بەنداوەکانی کوردستان لە کاتێکدایە شەوی رابردوو وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، بەنداوەکانی عێراق سەلامەتن.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەنداوی موسڵ و سەرجەم بەنداوەکانی عێراق سەلامەتن و بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

بەرەبایەنی 5ی شوبات، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر باکوری کوردستان و تورکیا  و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند تا ئێستا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هازارانی دیکەش بریندارن.