كاندیدەكەی سەرۆك كۆمار لیستێك بۆ هەڵبژاردنەكان دروستدەكات
+964
توانا نەقی
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک یاساناس و پارێزەر لیستێکی نوێ دەکەنەوە و بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.
ئومێد پاڵانی، كاندیدی پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق، لیستێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دروستدەكات، کە خۆی پارێزەر و یاساناسە و خۆشی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ناساند، بەڵام تەنیا یەک دەنگیشی بەدەستنەهێنا.
ئومێد پاڵانی، پارێزەر بە تۆڕی964ی راگەیاند، لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی یاساناس و مافپەروەر لیستێك بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دروستدەكەن و ناوی دەنێن لیستی یاساناسان.
وتیشی “ئەگەریش مامۆستایان و فەرمانبەران و هەر کورد پەروەرێک ئامادە بێت بێتە ناو لیستەکەوە ئەوە ئامادەن و ناوی لیستەكەش دەتوانن بکەن بە لیستی مووچە خۆران بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن”.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەم لیستە ئەوەیە كەسی یاسایی و شارەزا لە سیاسەت و دەستوور بچنە پەرلەمانی كوردستانەوە.
“هەركاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنی دیاریكرد و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كارا كرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئێمەش لیستەكەمان بەفەرمی تۆماردەكەین و رایدەگەیەنین و دەست بەبانگەشە دەكەین”، پاڵانی وای وت..
گەڕێكی دانیشت و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستاندا بەدەسپێشخەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی پێكردووە و تا ئێستا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوی ئیسلامی و حزبی شیوعی دانیشتن و گفتوگۆ كراوە و وابڕیارە پارتی لەگەڵ یەكێتیی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردن كۆببێتەوە.