"بە ئامانجى قوڵکردنەوەی پەیوەندی دۆستایەتی"

ئەمساڵ ئاهەنگی نەورۆز لە باڵەخانەی شارەوانی پاریس ساز دەکرێت

شۆڕش قادری

گەلی کورد و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دۆستانەی لەمێژینەیان هەیە و بەئامانجی تازەکردنەوە و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە، بڕیارە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ، لە باڵەخانەی سەرەکیی شارەوانی پاریس، ئاهەنگ بەڕێوەبەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12.2.2025 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلى دۆڵەمەڕى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەرامبەر یەک دانیشتن و باسیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و پاریس کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، “لە دیدارەکەدا ئاماژە بە رێکخستن و سازدانى ئاهەنگى نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دراوە کە بڕیارە بۆ ئەمساڵ، بە ئامانجى قوڵکردنەوەی پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى فەڕەنسا و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتری ‌‌حکومەت و گەلی فەرەنسا لە کوردستان، لە باڵەخانەی سەرەکی شارەوانی گەورەی پاریس سازبکرێت.

ئاهەنگە بە بەشدارى ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس و شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرپرسانى پاریس بەڕێوەدەچێت و هەر لە ئیستاشەوە ئامادەکاری بۆ کراوە.