هاتوچۆی هەولێر:

ئەو ئۆتۆمبێلەی رووکاری دەرەوەی لەگەڵ دیوی ناوەوەی جیاوازی هەیە، ژمارەی پێنادرێت

شۆڕش قادری

هاوڵاتیان ئاگاداربن و خۆتان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە رووکاری دەرەوەیان لەگەڵ دیوی ناوەوەیان جیاوازی هەیە، چونکە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ تۆمار ناکرێن و کێشەتان بۆ دروست دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا دەڵێت،  “ئێستا جۆرە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕەکان کرین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، کە لە رووکاری دەرەوەیدا لۆگۆی ئۆتۆمبێلی (MG) پێوەیە، بەڵام لە دیوی ناوەوە لۆگۆی (ROE WE) لەسەر سوکانەکەی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە ئێستادا تۆمار ناکرێت و ژمارە و تابلۆی پێنادرێت، تا ئەو کاتەی کێشەکەیان لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگ یەکلایی دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات مامەڵەی تۆمارکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە نەهێنن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە، چونکە کاروباریان رایی ناکرێت.