داوا دەکرێت دوکانداران و کاسبکاران دوکانەکانیان دابخەن
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بۆ پاڵپشتی لە مانگرتووان، داوا لە دوکانداران و کاسبکارانی سلێمانی دەکرێت، سبەی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دوکانەکانیان دابخەن.
بەهار مونزیر چالاکوان و ئەندامی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەناو خێمەی مانگرتووانی سلێمانی بە 964ـی وت، “وەک یەکێک لە چالاکییەکانی تر تیمێکی 23 کەسیمان سەردانی ناوبازاڕی سلێمانی کرد و داوامان لە دوکانداران و کاسبکاران کرد، سبەینێ سێشەممە 11.2.2025 لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 12 دوکانەکانیان دابخەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چالاکییە بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی فەرمانبەر و مامۆستایانی مانگرتوو ئەنجام دەدرێت و کاسبکارانیش پێشوازیان لەو بانگەوازە کردووە.
بەهار مونزیر داوایشی کرد، نەک تەنیا لە سلێمانی بەڵکو لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان سبەی دوکانداران بۆ کاتژمێرێک دوکانەکانیان دابخەن.
دوو هەفتەیە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لەبەردەم ئۆفیسی رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان لە سلێمانی خێمەیان هەڵداوە و مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری