"تا مردن لەبیرم ناچێتەوە"
لەناو خێمەی مانگرتووان یادی لەدایکبوونی کرایەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی 14 رۆژیان بێ خواردن تێپەڕاند، ئەمڕۆش یادی لەدایکبوونی یەکێک لە مانگرتووان بوو، ئەوانیش بێ کێک و شیرینی یادەکەیان لێ پیرۆز کرد.
دڵشاد بابان لەناو خێمەکەوە بە 964ـی وت، تەمەنم بوو بە 46 ساڵ و ساڵانە کە یادی لەدایکبوونم بۆ دەکرێتەوە، هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ پێی دڵخۆش نەبووم، ئەمە لە زاکیرە و یادگەمدا دەمێنێتەوە هەتا مردن، لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی پیرۆز و لەناو خەباتێکی پیرۆزدام”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم یادە وانەیەکی گرنگی تێدایە هەم بۆ خۆی و هەمیش بۆ نەوەکانی داهاتوو کە هەمیشە ئامادە بن قوربانی بدەن و خۆشییەکانی خۆیان ببەخشن لەپێناو خۆشییەکانی خەڵکدا.
دڵشاد بابان وتیشی، کۆمەڵێک گوڵ و کتێب و بۆنی لەلایەن هاوڕێکانی لەناو خێمەکە و خێزانەکەی پێدراوە.
دوو هەفتەیە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لەبەردەم ئۆفیسی رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان لە سلێمانی خێمەیان هەڵداوە و مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری