بەهۆی بارانەوە خانووی پێشمەرگەیەک لە ئاکرێ داڕووخا
+964
زەید کۆچەر
بەهۆی بارانبارینی بەردەوام و کاریگەری بوومەلەرزەوە، خانووی پێشمەرگەیەک لە قەزای ئاکرێ داڕما.
خانووەکە کە لە دوو ژوور پێکهاتووە، بنمیچی ژوورێکیان بە تەواوەتی داڕووخایە و ئەوەی دیکەشیان درزی تێکەوتووە، ئەو خانووە دەکەوێتە گەڕەکی شۆڕش لە سەنتەری قەزای ئاکرێ، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی شوبات، بە هۆی بارینی بارانی زۆرەوە، داڕووخاوە.
عومەر مستەفا، پێشمەرگە لە فەوجی دووی زێرەڤانی بە تۆڕی964ـی راگەیاند، لە دەوام بووم لە چیای زەرتک کە پەیوەندییان پێوەکردم و هەواڵی دارووخانی خانووەکەیان پێدام.
“کاژمێر دوو گەیشتمەوە ماڵ، شوکر بۆ خوا هاوژین و منداڵەکەم سەلامەت بوون” عومەر وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە دراوسێکانی بە فریای هاوژین و منداڵەکەیەوە چوونە.
عومەر مستەفا، باس لەوەش دەکات کە بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر خانووەکەی کردووە، لەگەڵ ئەوەی بارانی بەردەوامیش باریوە، هەردووکیان یەکتریان تەواو کردووە و بووەتە هۆی داڕمانی بنمیچی خانووەکەی.
لە ئێستا عومەر مستەفا بە جلی پێشمەرگایەتییەوە لەگەڵ کەسوکارەکەی سەرقاڵی پاککردنەوەی ناو ماڵەکەیەتی.