مامۆستایان و فەرمانبەران

خۆپێشاندەران لە بازگە دێگەڵەوە گەڕانەوە شوێنی خۆیان

964+

گۆڤەند فەتاح

ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەى لە سلێمانى و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەى راپەڕین و گەرمیانەوە بەرەو هەولێر هاتبوون، دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، دوای ئەوەی لە بازگەى دێگەڵە رێگریان لێکرا و پێیان وترا ناتوانن بچن بۆ هەولێر.

ئەم ئێوارەیە ئەو ژمارە زۆربەی مامۆستا و فەرمانبەران كە دەیانویست بچن لە هەولێر و خۆپێشاندان بكەن، دوای ئەوەی بێ هیوا بوون لەوەی بتوانن بگەنە هەولێر و بازگەی دێگەڵە تێپەڕێنن، بە ناچاری سواری پاسەكانیان بوونەوە و دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی گەیشتنە دێگەڵە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان لە بازگەكەوە رێگرییان لێكردن.

هاوكات ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ی راگەیاند، كەس داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی نەكردووە و خۆپیشاندانیش بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە، بۆیە پێشوازیی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هاتوو ناكەین.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆپیشاندەر چەند داواكارییەكیان هەیە، موچە مانگانە لە كاتی خۆی، تەوتینی موچە لە بەغدا، گەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوە و موچە پاشەكەوتەكان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا