بەشێک لەو زەویانەی بۆ فەرمانبەران و هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگە تەرخانکراون - وێنە: ئەرشیفی پارێزگاى هەولێر
لە هەموو هەرێم
رەزامەندی بۆ پێدانى زەوى بە 73 هەزار پێشمەرگە و پۆلیس دەرچوو
964+
وریا فەتاح
رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ 73 هەزار کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێدانی زەوی دەرچوو.
پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردەوە، رەزامەندییەکە بۆ 64 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ و نۆ هەزار پێشمەرگە گەڕاوەتەوە شارەوانی کە ئەو ناوانە پۆلیس و زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ و پێشمەرگە، دەگرێتەوە.
جەختیش کراوەتەوە، هەر فەرمانبەرێك، هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
“ناوی کارمەندانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە وەزارەتی شارەوانی دەدرێتە شارەوانییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ تەرخانکردنی زەوی، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، لیستەکان بۆ شارەوانییەكان رەوانە دەكرێن، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت”، پارێزگاى هەولێر وا دەڵێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.
ڕۆژی 27ـى 03ـى 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ـى 5ـى هەمان ساڵیش، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ـى ساڵی 2024ـى دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
بەپێى رێنماییەکان، دابەشکردنى زەوى هەموو فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ دەگرێتەوە.
لە بارەى خانەنشینانیشەوە، لە رێنماییەکەدا هاتووە کە دابەشکردنى زەویی ئەو فەرمانبەرە خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ژیاندا ماون.
رووبەری زەوی تەرخانكراو (200) مەتر دەبێت نرخی یەك مەتر پێنج هەزار دینار دەبێت لە ناوپارێزگاكان و سێ هەزار دینار دەبێت لە قەزاكان.
لە مەرجەکاندا هاتووە، پێویستە فەرمانبەر پێشتر سودمەند نەبوبێت لە وەرگرتنى خانوو و یان زەوى یان شوقەى نیشتەجێبوون.
ئەگەر ژن و مێرد فەرمانبەربوون و هەردووکیان خاڵەکانیان کۆدەکرێتەوە و زەوییەکە بەناوى ئەو کەسە دەکرێت کە خاڵى زیاترە.
لە بارەى ئەو فەرمانبەرانەى کە لە ژیاندا نەماون، بەڵام پێش مردنی مامەڵەى تەرخانکراوى زەوى هەبووە، وەرەسەکانیان مافى وەرگرتنى زەوییەکەیان هەیە.
لە خاڵى 11ـى مادەى 2 دا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک زەوى یان خانوو یان شوقەى حکومى وەرگرتبیت، بە سودمەند هەژمار دەکرێت.
دیلەکانى جەنگ و زیندانیانى سیاسى کە پێشتر زەویان وەرگرتووە بە سودمەند هەژمار دەکرێن.
هەر فەرمانبەرێك كە مەرجەكانی ئەم رێنماییانە دەیانگرێتەوە داواكاری و بەڵێننامەی سودمەندنەبوون پێشكەشی فەرمانگەكەی بكات لەرێگای فۆرمی تایبەتەوە.