پار 48
لە ساڵى نوێدا هەشت ژن کوژراون
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ساڵى پار 48 ژن و ئەمساڵیش 8 ژن کوژراون، بەوتەى چالاکوانێکى مافى ژنانیش تاوانە ئەلیکترۆنییەکان مەترسى راستەقینەن لەسەر کوڕان و کچان.
ئەمڕۆ شەممە 8.2.2025، ژمارەیەک لە رێکخراوەکانى ژنان و کەسایەتییەکان، هەڵمەتێکیان بۆ کەمکردنەوەى فشارەکان و دژی کوشتنى ژنان دەستپێکرد.
هانا شوان، لێپرسراوی رێكخراوی راگەیاندن و رووناكبیری ژنان بە 964ـى وت، ئامارەكانی توندوتیژی و كوشتنی ژنان رووی لە زیادبون كردووە، بە شێوەیەک پار 48 ژن کوژراون و لە دەستپێکى ساڵى 2025 دا هەشت ژن کوژراون، کە ئەوەش ئاماژەیەکى مەترسیدارە”.
“ئەقڵیەتی توندڕەوى هۆكار و پاڵنەری كوشتنی ژنانە، تاوانە ئەلیكترۆنییەكانیش ئێستا لەناو کچان و کوڕاندا مەترسیدارترین تاوانن”، هانا شوان واى وت.
پێشى وایە، توندوتیژى دەروونى، باری ئابوورى، لایەنی کۆمەڵایەتى و سیاسى و کاریگەریی بواری ئەلیکترۆنى، لە دیارترین جۆرى ئەو توندوتیژیانەن، کە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح