قڕەواریان تێکەوتووە
قەل و قاز و مریشکەکانى گۆپتەپە نەهاتیانە
964+
عەزیز عەبدوڵا -چەمچەماڵ
ماوەیەکە دەردێک لەناو پەلەوەرە خۆماڵییەکانى گوندى گۆپتەپە بڵاوبووەتەوە و هەر قەل و قاز و مریشە لار دەبێتەوە و مردار دەبێتەوە.
ئامانج جەلال یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی گۆپتەپە لە سنوورى چەمچەماڵ، بە 964ـى وت،”تێماوین نازانین فریاى کامیان بکەوین، نەخۆشییەکە بەشێوەیەکە هەر پەلەوەرێک بگرێتەوە، لەپەلوپۆى دەخات تا نەیکوژێت وازى لێنایەنێت و هیچ دەرمانێکیش فریاى ناکەوێت”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، تەنیا لە دوو هەفتەى رابردوودا، زیاتر لە 70 پەلەوەرى لە جۆرى مریشک و قەل و قازى لەناوچوون.
“هەرچەندە لەگەڵ توشبونیان بە نەخۆشییەکە هەر بە ڕێگاى نۆرینگەوەبووم بۆ هێنانى دەرمان، بەڵام سوودى نەبوو هەرچى دەیگرت مردار دەبووەوە”، ئامانج جەلال واى وت.
964 باسى نەخۆشییەکەى بردە بەردەم ئاسۆ ساڵح، یاریدەدەرى پزیشکى ڤێرتێرنەرى ئاخجەلەر و ئەویش بە 964ـى وت،” سەرەتای نەخۆشییەکە لەمانگی یەکەوە سەری هەڵدا،بەشێکی زۆر لەخاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر لەسنوورەکە لەکاتى پێگەیاندنى پەلەوەرەکانیان مردار بوونەوە، بۆیە دەچن چەم و دۆڵەکان فڕێى دەدەن کە ئەمەش جۆرەها نەخۆشى بڵاو دەکاتەوە”.
ئەو پێى وایە، کاتێک پەلەوەر بە نەخۆشى دەمرێت، دەبێت بکرێتە ژێر گڵەوە بۆ ئەوەى هیچ ڤایرۆسێک بڵاو نەکاتەوە، مەترسى نەبێت بۆ توشبوونى پەلەوەرى تر بە هەمان نەخۆشى.
“ئەو کەسانەی هاتون بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشیە لە نۆرینگەکەم لە هەژمار نایەن، ئێمە دەرمانیان پێدەدەین تەنیا مەناعە یان بەرز بکاتەوە لەبەر ئەوەی هیچ چارەسەرێکی نییە بڵێین ئەمە نەخۆشیەکە رادەگرێ”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح