"ئاستی زانستی تیمەکانمان بەرز دەکەینەوە"
تەندروستی داوا لە مانگرتووان دەکات چارەسەرە پزیشکییەکان رەت نەکەنەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
تەندروستی سلێمانی داوا لە مانگرتووان دەکات، چارەسەرە پزیشکییەکان رەت نەکەنەوە، چونکە مەترسی بۆسەر گیانیان دروست دەکات.
د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بە 964ـی وت، “بەهۆی رەتکردنەوەی چارەسەرە پزیشکییەکان، لەمڕۆوە قۆناغیکی نوێی تەندروستی لە جەستەی مانگرتووان دەستپێدەکات و ئاستی مەترسییەکان لەسەر جەستەیان زیاتر دەبێت”.
“دوای ئەو بڕیارەی مانگرتووان، ئێمەش پلانمان گۆڕیوە و ئاستی زانستی تیمەکانمان بەرزکردووەتەوە”، د. سەباح هەورامی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێوست بکات، بەزیادەوە بۆ مانگرتووانیان کردووە و بەردەوامیش دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆیان.
ئەمڕۆ هەینی 7.2.2025 لە 11یەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندا، فەرمانبەران و مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی بڕیاریاندا وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەتبکەنەوە و رایانگەیاند، “یان مردنێکی شکۆمەند یان جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان بە سەربەرزی”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری