مام جەلال و کامەران قەرەداغی
پێشنیارێک لە کامەران قەرەداغییەوە
ئەمە تاکە دەرفەتە بۆ ئەوەی کورد لە بەغدا رۆڵی هەبێت و وەک شەریک حیسابی بۆ بکرێت
964+
ژووری هەواڵ
کامەران قەرەداغی نووسەری دیاری کورد سەرنجێکی لەبارەی چۆنێتی بەهێزکردنی رۆڵی کورد لە بەغدا نوسیوەو دەڵێت: ئەمە بە وەزیرو نوێنەرەکانی کورد ناکرێت، تەنیا بەوە دەکرێت کاک مەسعود خۆی بچێتە بەغدا.
کامەران قەرەداغ، نوسەرو رۆژنامەنووسێکی بە ناوبانگی کوردە، لە دامەزرێنەرانی رۆژنامەی حەیاتی لەندەنییە، هەروەها جێگری بەڕێوەبەر بووە لە رادیۆی عێراقی ئازاد لە چیک و بەم دواییە کتێبێکی بڵاوبووەوە بەناوی ”بەهاری کوردی خوێناوی”.
لە ساڵانی 2005 هەتا 2008 بەڕێوەبەری نوسینگەی تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق بوو.
بە راشکاوی
کورد هاوبەشی سەرەکین لە حوکمڕانی عێراقدا
زۆرێک لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد ئامۆژگاری سەرکردەکانی کوردانی سوریا دەکەن لە رۆژاڤا بۆ ئەوەی روو لە دیمەشق بکەن بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەتی نوێی سوریادا، بەڵام سەیر ئەوەیە کە چینی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان ئەم ئامۆژگارییە بۆ خۆی جێبەجێ ناکات و بوونیان لە بەغدا نزیکە لە نەبوون.
بوونی وەزیر و نوێنەری کورد لە بەغدا بەس نییە بۆ سەلماندنی کاریگەری کورد، ئەرکی ئەوان جیاوازە! وەزیرە کوردەکان ئەندامی کابینەیەکن کە سەرۆک وەزیران بەڕێوەی دەبات و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، هەموو وەزیرەکان بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران جێبەجێ دەکەن، ئەمەش بێگومان لەژێر دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتداری عەرەبی شیعەدایە، ئەمانە وەک هەر پارێزگایەکی تری عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، بۆیە رۆڵی وەزیر و نوێنەرانی کورد سنووردار دەمێنێتەوە، وەک ئەوەی چاودێر بن نەک هاوبەشی حکومەت.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دۆخەکە جیاواز بوو، مام جەلال سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پاڵپشتی و تێگەیشتنی هاوتاکەی، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو رۆڵی لە بەغدا بینی: رۆڵێک وەک سەرۆک کۆماری عێراق بە دەسەڵاتە دەستوورییە سنووردارەکانەوە، هەروەها رۆڵێک لە حوکمڕانی عێراق و پاراستنی کورد بەو دەسەڵاتانی پێی دەوترا “دەسەڵاتەکانی مام جەلال”.ئەو سەرۆکە کوردانەی دوای ئەو هاتن، نەیانتوانی بەشداری لە حوکمڕانی عێراقدا بکەن، چونکە نە مام جەلال بوون و نە هاوتای کاک مەسعود بوون، دوای رۆیشتنی جەلال تاڵەبانی، تاکە سەرکردەی کورد کە بتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت کە مام جەلال بینیویەتی، مەسعود بارزانییە، ئەو دەتوانێت رۆڵی پارێزەری کورد لە بەغدا بگێڕێت بە کەڵک وەرگرتن لە “دەسەڵاتدارانی کاک مەسعود” بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە حوکمڕانی عێراقدا بکات.
بێگومان کاک مەسعود کەسێکی گوێ لێگیراوە هەروەک چۆن مام جەلال گوێی لێدەگیرا، ئەو دەتوانێت بیری چینی دەسەڵاتداری عێراق بخاتەوە کە کورد هاوبەشە لە حکومڕانی عێراقدا.
مام جەلال کە لە بەغدابوو دەیتوانی یەکێتی بەڕێوەببات، کاک مەسعودیش بە هەمان شێوە ئەگەر بچێتە ئەوێ هەر لە بەغداوە حیزبەکەی بۆ بەڕێوە دەبرێت، بگرە ئەرکەکەی ئاسانتریش دەبێت، چونکە لای کەس شاراوە نییە پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوەیە، ئەمەی دووەمیان سەرکردەو جەماوەرەکەی ئەو زەبت و رەبتەیان نەبوو، بۆیە ئەم کێشەیە لە ناو پارتی بوونی نییە بە سەرۆکایەتی کاک مەسعود و دوو جێگرەکەی کە دەتوانن بە پشتیوانی و رێنمایی کاک مەسعود حیزبەکە بەڕێوە ببەن.کورت و پوخت پێم وایە بوونی کاک مەسعود لەبەغدا بە یاوەری کۆمەڵێک کەسانێکی دانا لە لایەنەکانی تر و کەسایەتی سەربەخۆی دیکە کە توانای ئاسانکارییان هەبێت بۆ ئەرکەکەی لە بەغدا، دەبێتە هۆکارێکی زۆر گرنگ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە کورد بەشدارێکی سەرەکییە لە حوکمڕانی عێراقدا و بەبێ کورد یەکڕیزییەکەی ناپارێزرێت، هەروەها ناکرێ ئومێدێک بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن هەبێت لە بەڕێوەبردنی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا بەبێ کورد.
بوونی کورد بە بەهێزی و کاریگەری لە بەغدا بە سەرۆکایەتی کاک مەسعود، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی چینی حوکمڕانی ئێستا تێبگات کە بە تەنیا ناتوانێت حوکمی عێراق بکات، بەڵکو عێراق هەموو نەتەوەکان خاوەنین، لە هەمووشیان دیارتر کورد، ئەمەش هۆکارەکەی دیارە، چونکە کورد رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە رووخانی رژێمی بەعس و بنیاتنانی عێراقی نوێ، بۆیە هاوبەشی سەرەکین لەم خاوەندارێتییەدا.
![]()
مام جەلال؛ ئەو سەرکردەیەی یار و نەیارەکانی لەسەری کۆک بوون