هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێدەکات
ئامانج رەحیم: موچەی هەر 12 مانگی ئەمساڵ مسۆگەر کراوە
964+
ژووری هەواڵ
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە گوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، موچەی هەر 12 مانگەکەی ئەمساڵ گرەنتی کراوە و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە تەکنیکیی و نەوتی و نانەوتییەکان.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە “ئەنجامی هەوڵەکانمان هاتە بەرهەم و تەمویلی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ مانگی یەک، بەو بڕە پارەیەی کە هەردوولامان لەسەری رێککەوتبووین و ئەمڕۆ بەیەک گوژمە و بە شێوەی کاش خرایە سەر ئەژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
روونیکردەوە:” بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان پەیوەستدەبێت دەبێت بە پابەندییە تەکنیکی و پابەندییە نەوتی و نانەوتییەکانییەوە بەتایبەتیش کە ئاستەنگی یاسایی نەماوە لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە”.
رۆژی 2ـی شوبات، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد، کە رێگە بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات.