هەر بەڕاست هەور دەدزرێت؟
کەشناسى سۆران بە فەرمى دزینى هەورەکانى راگەیاند و ئێرانیش گومانى لە تورکیا هەیە
964+
وریا فەتاح
کەشناسى سۆران بەفەرمى دزینى هەورەکانى راگەیاند و دەڵێت، هەرکاتێک پێشبینى بارانبارین دەکرێت فڕۆکەکان دێنە ئاسمانى کوردستان و جۆرە گازێک دەڕێژن و هەورەکان دەدزن، هەر لێرەنا ئێرانیش گومانى هەیە و دەڵێت: تورکیا هەورەکانمان بۆخۆى دەبات.
جارێکى تر دیمەنەکانى سەر ئاسمانى سۆران و بەشێک لە ناوچەکانى کوردستان دەرکەوتنەوە، ئەوەش دواى ئەوەى فڕۆکە لە ئاسمانەوە هێڵى بازنەى دەکێشن، لە ناو خەڵکیششدا هەموو جارێک وا بڵاو دەکرێتەوە کە ئاماژەیەکە بۆ دزینى هەور.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 قسەى لەگەڵ مەقبیلە فایەق، بەرپرسی هۆبەی کەشناسی سۆران کرد و لێى پرسى، دەرکەوتنى ئەو هێڵانە ئاماژەن بۆ دزینى هەور؟، لە وڵامدا مەقبیلە فایەق وتى،”ئەم دزیەى هەور هەیە، هەر کات پێشبینی بارانبارین دەکرێت بە چەند رۆژێک پێش ئەوە ئەم فڕۆکانە لە ئاسمانی کوردستان دەردەکەون و جۆرە گازێک بڵاو دەکەنەوە کە وادەکات لەم شوێنە باران نەبارێت”.
“چەند رۆژێکە پێشبینى دەکرێت باران ببارێت، ئەم هێڵە بازنەییانە دەرکەوتن و گازێک دەڕێژن، وەک موگناتیسێک هەورەکان پاڵدەنێن بۆ شوێنێکى تر، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى لێرە باران نەبارێت”، بەرپرسى هۆبەى کەشناسى سۆران واى وت.
تورکیا هەورەکانى ئێران دەدزێت
مشتومڕى دزینى هەورەکان، یەکێکە لە پرسە هەستیارەکانى ژینگە لە جیهاندا، ئێران تورکیا بە دزینى هەورەکان تۆمەتبار و پێشتر پێگەى FORBES، بابەتێکى تێروتەسەلى لەژێر ناوى “دراوسێى تەنیشت ئێران تۆمەتبارە بە دزینى هەور”، بڵاو کردووەتەوە.
بەپێى راپۆرتەکەى FORBES کە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەى یەکەمى ساڵى رابردوو، ئەوکات لە پلاتفۆڕمەکان بارودۆخى جیاوازى کەشوهەواى ئێران و تورکیا خراوەتەڕوو، باسیان لەوەکردووە، ئاسمانى تورکیا هەوراوییە و لە شاخەکانى بەفر دەبارێت، بەڵام لەوبەرى سنوورەوە کە ئێرانە جگە لە ئاسمانى چۆڵ و چیاى وشک هیچى تر نییە.
وەک ئەوەى پێگەکە باسى دەکات، جیاوازى دیمەنەکان و رەوشى کەشوو هەوا پرسیارى لاى ئێرانییەکان دروستکردووە کە بۆچى وایە؟.
پێگەکە ئەوەى خستووەتەڕوو کە تورکیا لە رێگەو تەکنەلۆژیایەکەوە کە پێى دەوترێت تۆوکردنى هەورەکان، هەورەکانى ئێران دەیاندزێت.
هەرگیز هەورەکان بەجێگرى لەیەک شوێن نامێننەوە
جەیمس فلیمینگ، زانای کەشوهەوا رایگەیاندووە، گەورەترین کاریگەری نەرێنی دروستکردنی گومانە کە وڵاتێک هەیبێت و پێى وابێت کە وڵاتێکی دراوسێ، هەوڵی دزینی بارانەکەیان دەدات یان رەنگە شەڕی ژینگەیی بەنهێنی ئەنجام بدات”.
ئەو پێى وایە، هەرگیز هەورەکان لەو شوێنە نامێننەوە کە لێیەتى، ئەوان کاتین لە ناو ژینگەیەکى جوڵاودا.
بەهۆی وشکەساڵی توند و کەمبوونەوەی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتان بەدوای رێگەی بەدیلدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن زۆرترین ئاو لە هەورەکانی سەرەوەدا بپچڕێنن.
حکومەتەکانى ئێران و تورکیا و سعودیە و ئیمارات، لە زووەوە دەستیان بە بەرنامەکانیان کردووە بۆ دەستکاریکردنى کەشوهەوا، بەپێى FORBES هەر ئەمەش هۆکارە، دەرگاى گومان و دوژمنایەتى ژینگەیى لەسەر بەکترى بکەنەوە.
یەکەمجار نییە بابەتی دزی هەور لە ئێران ببێتە مانشێتی رۆژنامەکان. دەسەڵاتداران لە مێژە گومانیان لە دۆست و دوژمنان هەیە کە دەستکاری کەشوهەوا دەکەن بۆ دروستکردنی وشکەساڵی و زیانگەیاندن بە ئێران.
لە ساڵی 2018دا ئەندامێکی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران ئیسرائیل ئیماراتى، تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان لە کەشوهەوای وڵاتەکە و دزینی هەورەکانیان.
ئێستا بەلاى ئێرانەوە، تورکیا گومانلێکراوترین وڵاتە بۆ دزینى هەورەکانى، جیاوازى کەشوهەواى نێوان ئەو دوو دراوسێیە پەردەى گومانى ئێرانى تەنککردووە.
کاوە مادانی، پسپۆڕى ژینگەیى لەسەر بابەتى دزینى هەورەکان بۆچونێکى جیاوازى هەیە و بە FORBES وتووە،” جیاوازی شێوازی بارانبارینی نێوان وڵاتان دەتوانرێت لە رێگەی چەند هۆکارێکەوە روون بکرێتەوە، ئاسانە بۆ ماوەیەک خەڵک بە تیۆری پیلانگێڕی رازى بکرێت، بەڵام کێشەی راستەقینە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت”.
ئەو پێى وایە، خەڵکى ئێران قوربانى راستەقینەى ئەم یارییەن.
هەرچەندە لە ساڵى 1978ـەوە، رێککەوتنامەى قەدەغەکردنى تەکنیکەکانى دەستکاریکردنى ژینگە یان هەر جۆرە بەکارهێنانێکى دوژمنکارانە، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و 78 وڵات پەسەندیان کرووە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان پێى وایە، رێوشوێنە یاساییەکانى پابەندبوون بەو رێککەوتنە، لاوازن.