ئەمڕۆ رێگایان گرت و دوایی کرایەوە
نۆژەن نەکردنەوەی رێگای مەرزی کێلێ کێشەی بۆ گوندنشینان دروستکردووە
+964
محەمەد عەلی ـ پشدەر
رێگای مەرزی کێلێ لە پشدەر نۆژەندەکرێتەوە، ماوەی یەک ساڵە کاری تێدا دەکرێت و تەواو نەكراوە، بە شێوەیەكی کاتییش رێگای گوندی دێگە بۆ کانیلان بەکار دەهێنرێت بۆ هاتوچۆکردنی بارهەڵگرانی مەرزەکە، بەڵام ئەمە گوندنشینانی گوندی دێگەی نیگەران كردووە و ئەمڕۆش بۆ ماوەیەك رێگەكەیان گرت، بەڵام دواتر كرایەوە و بەڵێنیان پێدراوە چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكەن.
مەریەم عومەر، دانیشتووی گوندی دێگە، ئەمڕۆ سێشەممە، 4.2.2025 بە 964ـی وت، “لەو کاتەوەی بارهەڵگرانی کێلێ بە رێگای گوندەکەمان هاتوچۆدەکەن ئێمە ژیانمان نەماوە، رێگاکەیان تێکداوە و تۆز و خۆڵیش ژیانی ئێمەی تاڵ کردووە، لە وەرزی بارانیشدا رێگایەکە دەبێته قوڕ و چڵپاو”.
وتیشی، تەنانەت کشتوکاڵەکەشمان کەڵکی نەماوە لەبەر تۆزی رێگاکە، بۆیە وەک دانیشتووانی گوندەکە بڕیارمان دا رێگاکە بگرین، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە هاتن و بڕیاری ئەوەیان دا کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر ماوەیەکی دیكە بۆمان چارەسەر نەکرێت، رێگاکە دەگرینەوە.
رێگای گوندی دێگە بۆ گوندی گیرە سەر بە ناحیەی هێرۆ لە پشدەر، شەش کیلۆمەترە و سێ گوندی ئاوەدانی بەسەرەوەیە، دانیشتوانی بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن
موحسین حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لە نزیکەوە رێگایەکامان بینی بەڵێنی ئەوەمان پێیان دان، بە بەردەوامی رێگاکە بە تانکی ئاو ئاوڕشێن بكرێت، بۆئەوەی تۆزی نەبێت، رێگاکەش هەورازە و بەهۆی هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەکانەوە خراپ بووە، رێگا کاتییەکەش شەش کیلۆمەترە و پێویستە دوو کیلۆمەتر کۆنکرێت بکرێت، کە رێگای گوندەکەیانە، هەوڵ دەدەین رەزامەندی بدرێت بۆ کۆنکرێتکردنی ئەم رێگایە، کە دوای تەواوبوونی رێگا سەرەکییەکەی کێلێ بۆیان جێەجێ بکرێت.
پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی مەرزی کێلێ نزیکەی ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت و %55 کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی ساڵی تازەوە خەرجییەکان وەستاون، بۆیە بە سستی کار لە پڕۆژەکەدا دەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا