"تەمەنی 21 ساڵە"
کۆڵبەرێک لەسەرما رەق بووەوە؛ تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە
964+
شۆڕش قادری
لە سنورەکانی نێوان مەریوان و پێنجوێن، کۆڵبەرێک لەسەرما رەق بووەوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کرا.
سەرچاوە خۆجێییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، رۆژی دووشەممە 27.1.2025 گەنجێکی خەڵکی مەریوان بەناوی مەهیار سەفەری لە ناوچە سنورییەکانی هەنجیران و لەکاتی کۆڵبەریدا بێسەروشوێن بووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کۆڵبەرە لەشاخ کەوتووەتە خوارەوە و برینداربووە، کەس نەبووە بەهانایەوە بچێ و لەسەرمادا رەق بووەتەوە، دوای سێ رۆژ، شەوی رابردوو خەڵکی ناوچەکە توانیویانە تەرمەکەی بدۆزنەوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، “درەنگانی شەوی رابردوو تەرمی ئەو گەنجە هێنراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و دوای توێکاری رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە”.
مەهیار سەفەری تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەپێی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان KHRN، ساڵی رابردوو، 51 کۆڵبەری کورد کوژراون یان، گیانیان لەدەستداوە و 246 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.