سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ و شاندێکى دەستەکە سەردانى ئاسایشى رانیەیان کردووە لە بارەى رووداوى ئەشکەنجەدانى زیندانیان
دەستەى مافى مرۆڤ:
لە زیندانى ئاسایشى رانیە زیندانیان ئەشکەنجەدراون
964+
وریا فەتاح
دەستەى مافى مرۆڤ لەسەر ئەشکەنجەدانى زیندانیان لەناو ئاسایشى رانیە هاتەدەنگ و دەڵێت، بەڕێوەبەرى ئاسایشى راپەڕین سەرپێچییەکانى پشتڕاستکردووەتەوە و وتویەتى،”رێکارى یاسایى گیراوەتەبەر”.
دواى ئاگادارکردنەوەیان لە بوونى حاڵەتەکانى پێشێلکارى مافى مرۆڤ لە ناو زیندانیانى ئاسایشى رانیە، ئەمڕۆ سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ سەردانى ئاسایشى راپەڕینى کردووە، بەڵام بە وتەى مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کە بۆ 964 قسەى کردووە، “دوای پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی راپەڕین، جەنابیان روودانی سەرپێچییەکانى پشتڕاستکردەوە و پێى وتووین کە رێکارى یاسایى لەگەڵ ئەنجامدەران گیراوەتەبەر”.
وتیشى، “ئەوەى پێمان گەشتووە ئەوەیە، لەناو زیندانى ئاسایشى رانیە، کەسانێک لە زیندانییەکان دەدەن، هەر بۆیە ویستمان لە نزیکەوە ئاگادارى راستییەکان و دۆخى تەندروستى زیندانیان بین، بەڵام رێگەمان نەدرا بچینە ناو بیناى ئاسایش و تەنانەت رێگە نەدرا لە نزیکیشەوە وێنە بگرین”.
“تەنانەت پاسەوانەکان هیچ تێنەگەیشتن مافى مرۆڤ چییە و ئەرکى دەستەى مافى مرۆڤ چییە”، مونا یاقو واى وت.
لاى خۆیەوە لوقمان حاجى قادر، بەڕێوەبەرى نووسینگەى مافى مرۆڤ لە راپەڕین، وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى لێدوانەکانى مونا یاقو، بە 964ـى وت، “ویستمان لەگەڵ دکتۆرە مونا یاقو بەدواى کەیسەکەدا بچین، بەڵام لایەنى پەیوەندیدار بەدەمەوەهاتنى نەبوو، وتیان شتێکى ئاوا روویداوە، بەڵام باسى ئەوە نەکرا کە ئایا ئەوە بە بەرنامە بووە، یان حاڵەتێکى تاکەكەسی، چونکە نەمانتوانى قسەیان لەگەڵ بکەین و لەگەڵیان دابنیشین”.