تیمەكانی فریاگوزاری لە واشنتن بەدوای تەرمەكاندا دەگەڕێن، فۆتۆ: ئاژانسەكان
سەرۆكی فریاگوزاری:
هیچ كەسێک لە بەریەككەوتنی فڕۆكەكە و كۆپتەرەكەی واشتن رزگاری نەبووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جۆن دۆنێلی، سەرۆکی خزمەتگوزارییەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لە واشنتۆن، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، تەواوی سەرنشینانی فڕۆكەكەی ئەمریكان ئێرلاینز و كۆپتەرێكی سەربازی، كە لە ئاسمانی واشنتن بەریەككەوتن، گیانیان لەدەستداوە و كەس رزگار نەبووە.
هەروەها وتی، بەرپرسان دڵنیان تەرمی هەموو ئەو کەسانەی کە لە پێکدادانەكەدا گیانیان لەدەستداوە، دەربهێنن، بەڵام كاتی پێویستە.
دۆنێلی ئاماژەی بەوەدا، پێدەچێت 67 کەس گیانیان لەدەستدابێت، کە 64 کەس لەناو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەدا بوون و 3 کەسیش لەناو کۆپتەرەکەی سوپای ئەمریکادا بوون.
دووپاتیشی کردەوە، تا ئێستا 28 تەرم دەرهێنراون، قۆناغی داهاتووی كارەكانیش لەلایەن دەسەڵاتی سەلامەتیی گواستنەوەی نیشتمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لای خۆیەوە رۆبەرت ئایسۆم بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانی ئەمریکا بە میدیاكانی وڵاتەكەی وت: تا ئێستا نازانین بۆچی کۆپتەرە سەربازییەکە چووەتە ناو رێڕەوی فڕۆکەکەوە.
رووداوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە كاتی كوردستان لە واشنتن روویدا، شۆن دافی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە بارەی رووداوەكەوە رایگەیاند، فڕۆکەکە و کۆپتەرەکەش “رێڕەوی ئاسایی” خۆیان پەیڕەو كردووە.
فڕۆکەکە کە 60 سەرنشین و چوار کارمەندی فڕۆکەوانی تێدابووە، لە رێگادا بوو بۆ فڕۆکەخانەی رۆناڵد ریگەن لە واشنتۆنی پایتەخت، لە کاتێکدا کۆپتەرە سەربازییەکە کە سێ کارمەندی تێدابوو، بەشداری لە گەشتێکی مەشق و راهێناندا دەکرد.
تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، فڕۆکەکە جۆری CRJ700 بووە، کە لەلایەن کۆمپانیای گواستنەوەی کەنەدی بۆمباردیێرەوە دروستکراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکەکە لەلایەن هێڵی ئاسمانی PSA کە لقێکی هێڵی ئاسمانی ئەمریکییە بەڕێوەدەبرێت و روونیشیکردووەتەوە “فڕۆکەی CRJ700 توانای لەخۆگرتنی نێوان 68 بۆ 78 سەرنشینی هەیە.
سی ئێن ئێن دەڵێت، فڕۆکەی CRJ700 بە دوو بزوێنەری جێت کاردەکات، کە لە پشتی فڕۆکەکەدا دانراون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999 فڕیوە و لە ساڵی 2020 بەرهەمهێنانی وەستاوە.
بەپێی تۆمارەکانی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی، فڕۆکە کەوتووەکە لە ساڵی 2004 دروستکراوە.
هەروەها کۆپتەرەکەش سەر بە سوپای ئەمریکایە، کە لە جۆری UH-60 Black Hawk ە.