خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان نێردرانەوە ماڵەوە

 964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

سەرۆکایەتی زانکۆکان و پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان، بە بڕیارێک خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانیان ناردەوە بۆ ماڵەوە، ھەفتەی داھاتوو پاش ھەڵسەنگاندن، بڕیار لە گەرانەوەیان دەدرێت.

شەوی رابردوو لەدوای بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، حکومەتی هەرێم بڕیاری دا دەوام لە سەرجەم دامودەزگەکان رابگیرێت، ناردنەوەی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانیش لەدوای ئەم بڕیارە دێت.

ھۆگر کەمال، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “بڕیارەکەی حکومەتیان بە هەل زانیوە بۆ راگرتنی خوێندن و فەرمانیان بە چۆڵکردنی باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەکان کردووە”.

“رۆژی شەممە 11ی شوباتی 2023، پاش ھەڵسەنگاندنی دۆخ و گۆڕانکارییەکان، بڕیار لە کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان دەدەین و ھەماھەنگیمان لەگەڵ تەواوی زانکۆ و پەیمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە،” ھۆگر کەمال وای وت.

محەمەد رەزا، کە خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی زمانی ئینگلیزییە لە زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی 964ی وت، “ئاگادارکراوین لە ئەمرۆوە تا رۆژی شەممە 11ی شوباتی 2023 لە ماڵەوە بمێنینەوە.”

بە وتەی محەمەد بڕیارەکە وەک فەرمان بە خوێندکارەکان دراوە و دەبێت بە تەواوی بەشە ناوخۆییەکان چۆڵ بکرێن، محەمەد وتیشی،”وەک دوا وادەش کاتژمێر 10:00ی بەیانی ئەمرۆ سێشەممەیان بۆ دیاریکردووین”.