ئاماری گیان لەدەستدان لە بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا زۆر زیادیكردووه‌

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

زیاتر لە 24 كاتژمێر بەسەر بوومەلەرزەكەی توریكا و سوریادا تێدەپەڕێت، تا ئێستا زیاتر لە 5 هەزار كەس گیانیان لەدەست داوە و 20 هەزار كەسیش بریندارن.

ئاژانسی ئەنادۆڵۆ لەسەر زاری بەرپرسانی توركیا بڵاویكردەوە، تا ئێستا بە هۆی بوومەلەرزەكەوە 4 هەزار و 300 كەس گیانیان لەدەستداوە و  تا ئێستاش 19هەزار كەسیش بریندارن، بە هەزاران كەسیش بێسەروشوێنن.

گەڕان بە شوێن بێسەروشوێنەكاندا لە نێو داروپەردوی باڵەخانەكاندا بەردەوامە.

هه‌ر له‌مباره‌وه‌ سەرچاوە تەندروستییەكان لە سووریا باس لەوەدەكەن، گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكەوە هەزار و 500 كەسی تێپەڕاندووه‌، تا ئێستاش زیاتر لە  4 هەزار كەس بریندارن.
تیمەكانی تەندروستی سووریا و رێكخراوە جیهانییەكان لە سووریا، لە گەڕان بەدوای تەرمی مردووه‌كان و بێسه‌روشوێنه‌كان بەردەوامن.

لە 24كاتژمێری رابردوودا، هەریەكە لە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، نەمسا،  سویسرا، چین، رووسیا، ژاپۆن، كۆریای باشوور و چەندان وڵاتی دیكە هاوكارییان گەیاندووەتە توركیا و سووریا.