نووسەرێکی ئەمریکی
لە ئەمریکا کتێبەکەی نووسی و لە ھەڵەبجە بڵاویکردەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
نیکۆڵ واتس نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سان فرانسیسکۆ ستەیت لە ئەمریکا، ماوەی 12 ساڵە سەرقاڵی نووسینی کتێبی (کۆماری خەونەکانە) کە کتێبەکە دەربارەی رووداوەکانی کوردستانە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا و لەسەر ئەزموونی خێزانێکی ھەڵەبجەیە، لە ساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەوە ھەتا دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.
نیکۆڵ واتس دەربارەی ئیلھامی نووسینی کتێبەکەی بە 964ـی وت، “بەو پێیەی کە خۆم لێکۆڵەری سیاسیم لە زانکۆ و ماوەیەکی زۆرم لە لێکۆڵینەوە لەسەر کوردەکانی تورکیا بەسەر بردووە و دواتریش لە ساڵی 2006ـەوە کە یەکەم جار ھاتمە کوردستانی عێراق، کوردەکانی ئێرەم بینی و زانیم کە چیرۆکگەلێکی زۆر ھەن کە لەوانەیە خەڵکی ئێمەش پێیان خۆشبێت ئەم چیرۆکانە بزانن”.
“لە ساڵی 2009 بۆ یەکەمجار پێشەوا ئەحمەدم بینی لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی، یەکترمان ناسی و دواتر ھاتمە ماڵیان لە ھەڵەبجە و چیرۆکەکانیانم گوێ لێبوو، بڕیارمدا ئەم کتێبە بنووسم، کە شێوازێکی نوێی نووسینی کتێبە، بەھەمان شێوەی رۆمان بەڵام تەواوی رووداوەکانی ناو کتێبەکە لە راستییەوە وەرگیراون” نیکۆڵ وای وت.
“دەربارەی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر خەڵکی ئاسایی و دەسخستنی زانیاری لەسەر رووداوەکان ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی وا ھەبووە چەند جارێک ھاتوومەتە کوردستان، ئەگەرچی رێگایەکی درێژ بوو، بەڵام پێوست بوو کە بێمەوە و زانیاری زیاتر وەربگرم، بۆیە ئێستا وای لێھاتووە، کە ھەڵەبجە و ماڵی پێشەوا بوونەتە ماڵی دووەمم”.
بۆچی “کۆماری خەونەکان”ـی ناو ناوە لە کتێبەکەی ئەمە پرسیاری 964 بوو بۆ نیکۆڵ ئەو روونیکردەوە، ھەڵبژاردنی ناوەکە زۆر سەخت بوو، کاتێکی زۆری ویست تا ئەو ناوەمان ھەڵبژارد، ھەبوونی کۆماری سەربەخۆ لەلایەن کوردانەوە خەونێکی لە مێژینەیە و ھەموو کوردەکان ئەو ئاواتەیان ھەیە کە کوردستان ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ، “ھیوادارم بە زووترین کات وەرگێڕێکی گونجاو بدۆزینەوە کە بتوانێت بە شێوازێکی ئەدەبی کتێبەکە وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی