148 خێزانی داع*ش*ەكان لە كەمپی هۆلەوە گەڕانەوە موسڵ
پێشتریش بەشێكیان گەڕابوونەوە
148 خێزانی داع*ش*ەكان لە كەمپی هۆلەوە گەڕانەوە موسڵ
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی موسڵ رایگەیاند 148 خێزانی عێراقی، كە لە كەمپی هۆل بوون لە سوریا، دوای وردبینی ئەمنی، گەڕانەوە عێراق و جارێ لە كەمپی جەدعە دەبن.
خالید عەبدولكەریم ئەمڕۆ یەكشەممە 26.1.2925 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، 148 خانەوادەی عێراقی كە لە كەمپی هۆل بوون لە سوریا، دوێنێ شەممە گەڕانەوە موسڵ، ئەمەش دوای ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە وردبینیی تەواویان بۆ كرا، ئێستاش رەوانەی بنكەی “ئەمەل” كراون لە ناو كەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ، بۆ ئەوەی لە رووی دەرونییەوە هاوكاریی بكرێن.
وتیشی، زۆربەی گەڕاوەكان ژن و منداڵن، دوای وردبینی لەوەی لە هیچ كەیسێكی ئەمنی تێوەنەگلاون، یان داواكراوی لایەنە ئەمنییەكان نین، رەوانەی بنكەی ئەمەل كران لە كەمپی جەدعە، لەوێش بەرنامەیەكی تایبەتیان بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.
964 دەزانێت، ئەوانەی لە كەمپی هۆل لە سوریا كۆكرابوونەوە، كەسوكار و ژن و منداڵانی چەكدارانی رێكخراوی داع*ش*ن، بەشێكیشیان پێشتر گەڕاونەتەوە عێراق.
وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق مانگی ئەیلولی 2024 ئاشكرای كرد، چوار هەزار عێراقی لە كەمپی هۆل گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا زیاتر لە 15 هەزار عێراقیی دیكە لە كەمپەكەن و 54 هەزار كەسیش لە ناو كەمپەكەدان.