ماوەی 48 ساڵە لە خورماڵ کاسێت کۆدەکاتەوە

ژوورێکی ماڵەکەی کردووەتە شوێنی کۆکردنەوەی ئەرشیفی ھونەرمەندان

964+

ئەمەل ناجی – خورماڵ

بە دیاریکراوی ماوەی 48 ساڵە و لە تەمەنی ھەشت ساڵییەوە، وەک خولیایەک دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی کاسێتی ھونەرمەندانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، ئێستاش ژوورێکی ماڵەکەی تەرخانکردووە و زیاتر لە ھەشت ھەزار کاسێتی کۆکردووەتەوە، کە مێژووی بەشێکیان بۆ نزیکەی حەفتا ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئیبراھیم عەلی ناسراو بە ئیبراھیم خورماڵی، تەمەنی 55 ساڵە و خولیایەکی زۆری بۆ ھونەر ھەیە، بە تایبەتی ھونەری گۆرانی، ئەو بە 964ـی وت: “ھەر لە تەمەنێکی بچووکەوە خولیای کۆکردنەوە و پاراستنی کاسێتی ھونەرمەندانی کوردم هەبووە”.

وتیشی، تەمەنم ھەشت ساڵ بوو کە یەکەم کاسێتم کڕی، ئەو کاتەی خوێندکار بووم، جاری وا ھەبووە بە ھەفتە رۆژانەکەم خەرج نەکردووە و کۆمکردووەتەوە تا بتوانم کاسێتێکی پێ بکڕم.

ئەو زیاتر مەیلی بەلای پاراستنی گۆرانی گۆرانیبێژە کۆن و رەسەنەکانە، بە تایبەت ئەوانەی ئێستا لە ژیاندا نەماون و دەڵێ: ئەو ئەرشیفەی لای من ھەیە لە ناوچەکەدا ھاوشێوەی نییە، چونکە لە ھەر شوێنێک بزانم کاسێتێکی کۆن ھەیە، ئەگەر بە کڕینیش بێت دەیکڕم و دەیھێنمەوە و ھەڵیدەگرم تا لە فەوتان بیپارێزم.”

جگە لە کاسێت، کۆمەڵێک ئامێری تۆمارکردن و رادیۆ و تەسجیلی کۆنیشی ھەیە کە مێژووەکەیان بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئیبراھیم خۆیشی مەیلی بەلای گۆرانیوتندا ھەیە، جارجارە بۆ دڵی خۆی گۆرانیش دەچڕێت، تۆماریشیان دەکات، لەو بارەیەوە دەڵێت، “لە سەردەمی ھەرزەکاریمدا کە لەگەڵ ھاوڕێکانمدا کۆدەبووینەوە، بەردەوام ئامێرێکی تۆمارکردنم پێبوو، گۆرانیمان بۆ خۆمان دەوت و تۆمارمان دەکرد، ھێشتاش ئەو تۆمارانەم لا ماون و ھەموویانم پاراستووە، تەنانەت ئەو کاتەشی کە سەرباز بووم لەوێش ئامێری تۆمارکردنم پێبووە، چونکە ئەمە خولیایە و تا کۆتایی تەمەنیشم ئە خولیایە ھەر دەمێنێت”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لەو ماڵەی حەسەن زیرەک تیایدا دەمایەوە پەیکەرێکی بۆ دان...

لەو ماڵەی حەسەن زیرەک تیایدا دەمایەوە پەیکەرێکی بۆ دانرا