بەفر و باران كانی ماسی بێ کارەبا دەکات

964+

عەمار عەزیز -دهۆک

لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ناحیەی کانی ماسی و دەوروبەری، کارەبای نیشتیمانیان بڕاوە، ئەمەش لە ماوەی هەفتەیەکدا دووەمجارە ئەو ناحیەیە بێ کارەبای نیشتیمانی دەبێت.

کاتژمێر 3ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ـی شوبات، بەهۆی سووتانی کێبڵێکی 33 کەیڤی، کارەبای نیشتمانی ناحیه‌ی كانی ماسی و گوندەکانی دەوروبەری بڕاوە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

ئارام جەلال، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای قەزای ئامێدی، بە تۆڕی 964ی وت “هۆکاری سووتانی کێبڵەکە بۆ بارینی بەفرێکی زۆر و هەڵکردنی بای بەهێز دەگەڕێتەوە، هیچ پەیوەندی بە بوومەلەرزەوە نییە”.

بە وتەی ئارام، تیمەکانی کارەبای ئەو ناوچەیە خەریکی چاککردنەوەن، بەڵام نازانرێ کەی دەتوانرێت ئەو گرفتە چاک بکرێت.

لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەمجارە بەهۆی با و بۆرانەوە، کارەبای نیشتمانی ناحیەی کانی ماسی دەبڕێت، رۆژی 2ی شوباتیش بەهەمان شێوە، کارەبای سەنتەری ناحیەی کانی ماسی و 76 گوند بڕا، دوای 10 کاتژمێر توانرا گرفتەکە چارەسەر بکرێت.