لە ترسی داعش بەبێ چەک ناڕۆنە دەرەوە

+964
هونەر فارس- گەرمیان

بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاسانکاریی بۆ تەراتێنی چەکدارانی داعش دروستكردووە، هاوڵاتیانی ناوچەی داودەش باس لەوەدەکەن وەک مەفرەزە سەرەتاییەکانیان لێهاتووە و بەبێ چەک ناتوانن بچنە دەرەوە.

سنووری ناحیەی نەوجول، کە بە ناوچەی داودە ناسراوە، دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی کفری و خورماتووەوە و نزیکەی 45 گوند لەخۆدەگرێت، دوای هاتنی چەکدارانی داعش بۆ سنوورەکە، شەش گوندیان بە تەواوەتی چۆڵکراون و بەشێکی دیکەشیان لە بری ئاوەدانکردنەوە، تەنیا چەند ماڵێکی کەمیان تێداماوە.

  شوانە قاسم، گەنجێکی گوندی دوڕاجی سەر بە ناحیەی نەوجولە بە تۆڕی 964ی وت “لێرە ژیانمان سەلامەت نییە، دۆخی ئەمنی ناوچەکەمان زۆر خراپە، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە داعش لە سنوورەکەمان تەراتێن دەکات، ئێمە بە شەو و رۆژ بەبێ چەک ناتوانین لە ماڵ بچینە دەرەوە و کاتێک ئاژەڵەکانمان دەردەکەین، دەبێت وەک مەفرەزە سەرەتاییەکان چەک و تاقمی کامڵ لەگەڵ خۆمان ببه‌ین”.

دەشڵێت، گوندەکەی ئەوان پێش هاتنی داعش 16 ماڵ بوو، ئێستا حەوت ماڵە و ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات ئەمساڵ ئەو حەوت ماڵەش چۆڵی دەکات.

هۆکاری تەراتێنەکانی داعش لە ناوچەی داودە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێتەوە، کە لە نێوان شارۆچکەی کفری و دووز خورماتوودا بەهۆی رێکنەکەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دانانی هێز لەو سنوورانە دروستبووە.

شاڵاو داودی، دانیشتوویەکی گوندی ساڵەییە و باس لەوەدەکات، گوندەکەی ئەوان ناتوانن بەهۆی مەترسییەکانی چەکدارانی داعشەوە ئاژەڵەکانیان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، یان دەبێت هەموو ئاژەڵەکانیان بفرۆشن و بچنەوه‌ شار.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی 964 کەوتووە، ژمارەی ئەو چەکدارانەی لەو ناوچانەدا تەراتێن دەکەن بە بەردەوامی 15 بۆ 20چەکدار دەبن و لە کاتی هێرش و پەلاماردانیشدا ژمارەیان زیاد دەکات.

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوورەکە، کە نەویست ناوی ئاشکرا بکات، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، داعش زانیارییان لەسەر هەموو جموجوڵێکی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێدەگات و رۆژێک پێش هەر ئۆپه‌راسیۆنێک بۆ سەر جێگەکانیان ئاگادارن و دەیگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

باسی لەوەش كرد، ئەو چەکدارانە هاوکاریی ناوخۆیی دەکرێن و رەنگە هاوکاریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشیان لە پشتەوە بێت، ئەگینا لەناوبردنیان بۆ سوپای عێراق و هاوپەیمانان هێندە قورس نییە.

مەترسیی جموجۆڵیی چەکدارانی داعش دوای ئەوە دێت، ماوەیەکە بە مەبەستی وەرگرتنی پارە، چەکداران دەستیان بە رفاندنی شوانکاره‌ و هاوڵاتیانی ئەو گوندانەی سنووری ناوچەی داودە کردووە.