شەکرە وەزیریشى پێدەڵێن

بێگەرد تاڵەبانى لە دایکى نانەوە بۆ دایکى شەکر

964+

وریا فەتاح

بیرتانە دوو رۆژ لەمەوبەر وتم جوتیارانى بەسرە نازناوى دایکى نانیان لە بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم ناوە و باسى چیرۆکەکەم بۆکردن، بەڵام خاتونى وەزیر هەر ئەو نازناوەى نییە، خەڵکى رانیە و قەڵادزێش نازناوى دایکى شەکریان لێناوە و شەکرە وەزیریشى پێدەڵێن.

بۆچى دایکى شەکر؟

لە 8ـى ئەپرێلى 2021  واتا تەقریبەن چوار ساڵ لەمەوبەر، لە مەراسیمێکى گەورە و شاهانەدا لە سنوورى رانیە بە ئامادەبوونى بێگەرد تاڵەبانى و دەیان گەورە بەرپرس، بەردى بناغەى پڕۆژەیەکى گەورەى وەزارەتى کشتوکاڵ دانرا کە ئەویش کارگەى شەکرى بیتوێن بوو.

بەقسەى چوار ساڵ لەمەوبەرى شەکرە وەزیر بێت، کارگەى شەکرى بیتوێن پڕۆژەیەکى گەورە و ستراتیژییە و رۆژانە 5000 تۆن چەوەندە لە جوتیاران وەردەگرێت و 500 بۆ 600 تۆن شەکر دەخاتە بازاڕەکانەوە.

خاتوو بێگەرد ئەوکات وتى، “یەک خاڵى زۆر گرنگ هەیە کە شەش هەزار جوتیار گرێبەستى بۆ دەکرێت و رۆژانە چەوەندەر بۆ کارگەکە بەرهەم دەهێنن، هەر بۆیە خەڵکى سنوورەکە دڵخۆشبوون بەوەى کە لە بێکارى رزگاریان دەبێت”.

وردەکارى کارگەى شەکرى بیتوێن:

لە توانایدایە رۆژانە پێنج هەزار تۆن چەوەندەر وەربگرێت

زیاتر لە 60 هەزار دۆنم زەوى بەکار دەهێنێت لە وەرزێکدا

پڕۆژەکە لە دوو وەرزى بەهارى پایزى بۆ ماوەى 200 رۆژ کار دەکات

نزیکەى شەش هەزار جوتیار کار دەکات بۆ هەر وەرزێک

نزیکەى 600 کارمەند و کرێکار لەو کارگەیەدا کار دەکەن

هەلیکار بۆ زیاتر لە دوو هەزار خێزانى دیکە دەڕەخسێنێت

رۆژانە نزیکەى 500 بۆ 600 تۆن شەکرى سپى بەرهەم دەهێنێت

بودجەى تەرخانکراوى پڕۆژەکە 71 ملیۆن دۆلارە لەسەر رووبەرى 100 دۆنم زەوى دروست دەکرێت و ماوەى پڕۆژەکە دوو ساڵە، بەپێى ئەو حساب و کیتابەى جەنابى وەزیرى کشتوکاڵ بێت، دەبوو ئێستا هەموومان توشى نەخۆشى شەکرە بوباین، بەڵام دواى چوار ساڵ دەرکەوت کارگەى شەکرەکە دیشلەمە بوو و هیچ کارگەیەکى شەکر لە سنوورى راپەڕین دروستنەکراوە و ئەسڵەن کەس نازانێت ئەو زەوییەى بۆى تەرخانکراوە ماوە یان نا.

هەر لەبەر ئەمەشە دانیشتوانى رانیە و قەڵادزێ و سنوورى راپەرین، نازناوى دایکى شەکریان لە خاتو بێگەرد ناوە.

نازناوی الام الخبز بەخشرایە بێگەرد تاڵەبانی

نازناوی الام الخبز بەخشرایە بێگەرد تاڵەبانی