هەولێر و سۆران و دهۆک وەریانگرتووە

یەکەم کاروانی نەوتی سپی عێراق گەیشتە سلێمانی

شۆڕش قادری

یەکەم کاروانی نەوتی سپی لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە گەیشتە پاریزگای سلێمانی و پێشتر چەند کاروانێک گەیشتووەتە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 22.1.2025 یەکەمی کاروانی نەوتی سپی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵەوە گەیشتووەتە پاریزگای سلێمانی.

بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوت دەدرێت و نرخەکەشی بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی دەکرێت، بە 30 هەزار دینارە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ تەنیا رەزامەندیی لەسەر (19%)ـی پشکی هەرێم لە نەوتی سپی داوە.

رۆژی پێنجشەممە 16.1.2025، کاروانی یەکەمی نەوتی سپی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵەوە گەیشتە پاریزگای هەولێر و دواتر گەیشتە ئیدارەی سۆران و پارێزگای دهۆک و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کرا.