مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت

+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

وەزیری دارایی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرای کرد، مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت و لە خانەنشینانیشەوە پرۆسه‌كه‌ دەستپێدەکەن، هه‌روه‌ها بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان ئاشكرای كردووه‌ توانیویانە 20 بانک بەدیجیتاڵی بکەن.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی یەکشەممه‌ 5ـی شوباتى 2023، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری، بەڕێوبەرایەتی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی لە شاری هەولێر بەسەرکردەوە.

وەزیری دارایی، ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌، بۆ بەدامەزراوەیکردنی ژێرخانی فەرمانگەکانی حکومەت، هەنگاوی باشیان ناوە و توانیویانە بەشێک لە کاروباری فەرمانگەکانی وەزارەت، بەئەلیکترۆنی بکرێن و پرۆسەکەشیان بەردەوامە.

وەزیری دارایی باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن بە زووترین کات بتوانن تەواوی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بەدیجیتاڵی بکەن، وتیشی “هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دابەش بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش هاوشێوەی هەولێر بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی سیستمی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەن بە شێوەی ئەلیکترۆنی، وەک هەنگاوی یەکەمیش لە مووچەی خانەنشینانەوە دەستپێدەکەین و دواتر فەرمانبەرانی وەزارەتەکانیش دەگرێتەوە”.

هه‌ر بەپێی ئه‌م راگەیاندراوە، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان ده‌ڵێت، “لە هەولێر و دهۆک توانیومانە 20 بانک بەدیجیتاڵی بکەین و کارەکانیان بە سیستمی ئەلیکترۆنی بەیەکەوە ببەسترێنەوە”.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، “گۆڕانکارییان لە سیستمی دەسەڵاتی خەرجکردندا کردووە و توانیویانە لەو رێگه‌یەوە گەندەڵی و بەهەدەردان بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە”.