لە ملەی نەڵمەی پێنجوێن
لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش کەس برینداربوون
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە یەکەم رووداوی هاتوچۆی ئەمساڵی پێنجوێندا لەسەر ملەی نەڵمە شەش کەس بریندار بوون و برینی یەکێکیان سەختە.
کەمال سەعدوون لێپرسراوی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بە 964ـی راگەیاند، سێ بریندار رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی پینجوێن کراون و دووانیش هاتونەتە نەخۆشخانەی سەیدسادق و بریندارێکی دیکەش بەڕێوەیە.
وتیشی، ئەو دوو بریندارەی کە لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتن ژن و منداڵێکن و ژنەکە قاچی شکاوە و دوای چارەسەر رەوانەی سلێمانی دەکرێت.
هاوکات محەمەد رەحمان رێپێدراوی هاتوچۆی پێنجوێن بە 964ـی وت، رووداوەکە لە نێوان تاکسییەک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویداوە و لە ئێستادا سەرقاڵی هێڵکارین.
ئەمە یەکەم رووداوی هاتوچۆیە لەمساڵدا لە سنووری قەزای پێنجوێن روویدابێت، ملەی نەڵمەش هەورازێکی سەخت و دژواری رێگای پێنجوێنە، لە خوار ناحیەی ناڵپارێزە و ساڵی رابردوو لە سێ رووداوی ملەی نەڵمە ژنێک گیانی لەدەستدا و نزیکەی 16کەس برینداربوون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی