90 ملیار دینارى بۆ دانراوە
دوو تونێلەکەى شەقڵاوە تەواو دەکرێن
964+
وریا فەتاح
کارکردن بۆ تەواوکردنی تونێلی ماوەران و رووناککردنەوەی تونێلی میراوە دەستیپێکردوە، بە درێژایی 10 کیلۆمەتری نێوان دوو تونێلەکەش رێگاکەی دەکرێتە دوو ساید.
تونێلی میراوە و ماوەران، لە سنووری قەزای شەقڵاوەن، بەشێکن لە دووسایدکردنی رێگای نێوان هەولێر و دەروازەی حاجی ئۆمەران، کە رێگایەکی بازرگانی و گەشتیارییە.
کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە، بۆ 964ـى وتی، هەردوو تونێلی ماوەران و میراوە کارەکانیان تەواو دەکرێت، رێگای ماوەرانیش قیرەکەی هەڵدەگیرێت و نۆژەن دەکرێتەوە، لە نێوان دوو تونێلەکەشدا بە پێی پێویستی بەرزەپرد دروست دەکرێت”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، 90 ملیار دینار بۆ تەواو کردنی ئەو رێگایە تەرخان کراوە، ئێستا کارەکانی دەستی پێکردوە و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکەش 730 رۆژە.
جەختیش دەکاتەوە، بە تەواوبوونی، کارئاسانی زۆر دەکات بۆ شۆفێران و قەرەباڵغی ناو شەقڵاوەش چارەسەر دەکرێت.
تونێلی میراوە لە ساڵی 2014 تەواو کراوە، بەڵام تا ئێستاش هەر بە تاریکی ماوەتەوە و رووناکنەکراوەتەوە، هەرچی تونێلی ماوەرانیشە، جگە لەوەی رووناکنەکراوەتەوە و هێڵکاری بۆ نەکراوە، پێش ئەوەی تەواو بکرێت لە پێش تونێلەکە سایدێکی داڕووخا و لە هەشت ساڵی رابردوودا تەنیا سایدێکی کراوە بوو، کە رێگاکەشی پڕ چاڵوچۆڵ بوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح