دادگاى باڵاى ئەمەریکا تیکتۆکى قەدەغە کرد
ترەمپ بڕیارەکە جێبەجێ دەکات؟
دادگاى باڵاى ئەمەریکا تیکتۆکى قەدەغە کرد
964+
وریا فەتاح
دادگاى باڵاى ئەمەریکا بڕیاریدا بە قەدەغەکردنى تیکتۆک، ئیدارەى بایدنیش بڕیارەکە بۆ ئیدارەى نوێى ترەمپ جێدەهێڵێت، هەرچەند ترەمپ دژى بڕیارەکەیە.
ئیدارەى جۆ بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، کۆتاییەکانى ساڵى رابردوو داواى لە دادگاى باڵاى ئەمریکا کردوو یاساى قەدەغەکردنى تیکتۆک لە وڵاتەکەیدا کارا بکات، هەمان رۆژ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکا، کە بەم نزیکانە دەچێتە سەر کورسى سەرۆکایەتى، داواى لە دادگاکە کردووە، رێگرى لەوەها بڕیارێک بکات، کە دەبێتە هۆى قەدەغەکردنى تیکتۆک لە ئەمریکا.
بڕیارەکەى دادگاى باڵا لەبارەى قەدەغەکردنەکەوە دواى ئەوە هات کە ئیدارەى بایدن بە دادگاى باڵایان راگەیاندووە، تیکتۆک زانیارى زۆر لەسەر دەیان ملیۆن ئەمریکى کۆدەکاتەوە، بۆیە پێویستە قەدەغە بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، چین دەتوانێت بە نهێنى دەستکارى پلاتفۆڕمەکە بکات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانى و زیان بە ئەمریکا بگەیەنێت، بۆ نموونە بە بڵاوکردنەوەى زانیاری ناڕاست لە کاتى قەیراندا.
هەروەها کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پێشووی حکومی لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی، لەناویاندا هەندێکیان کە پێشتر بۆ ترەمپ کاریان کردووە، داوایان لە دادگای باڵا کردبوو تیکتۆک قەدەغە بکات.
دادگاى باڵا ئاشکراى کردووە کە 170 ملیۆن ئەمەریکى تیکتۆک بەکاردەهێنن، بۆیە نیگەرانییەکانى ئاسایشى نیشتمانى بە هەند وەرگرتووە لەو بڕیارەیدا.
بەپێى هەواڵى میدیا ئەمەریکییەکان بێت، جێبەجێکردنى بڕیارى قەدەغەکردنەکە دەکەوێتە ئەستۆى ئیدارەى ترەمپ کە رۆژى دووشەممە دەستبەکار دەبێت، بەڵام ترەمپ بۆچونێکى جیاوازى هەیە، بۆیە میکانیزمى قەدەغەکردنەکە و بڕیارەکەى تائێستا نادیارە.
ترەمپ لەگەڵ قەدەغەکردنى تیکتۆک نییە، بەڵکوو لەگەڵ بە ئەمەریکى کردنى ئەپەکەیە و دەیەوێت بەو میکانیزمە رێگرى لە قەدەغەکردنى بکان.
“تیکتۆک” ئەپێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینییەوە لەساڵی 2016دا دروستکراوە، ئەپەکە بە زیاتر لە 40 زمانی جیهان بەردەستە و بەکارهێنەرانی لە رێگای ڤیدیۆوە بۆچوون و هەستەکانی خۆیان دەردەبڕن کە ماوەی هەر ڤیدیۆیەک لە نێوان 15 چرکە تا سێ خولەک دەبێت.