رێگاگرتنەکە ئیشى خۆى کرد

“ئەمجارە بە قورسى کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدى (چوارقوڕنە – دوکان) دەستپێدەکاتەوە”

964+

وریا فەتاح

رێگاگرتنەوە بێ ئەنجام نەبوو، وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى هەرێم، سەردانى خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکانى کرد و بەڵێنى پێدان کە بە قورسى لە پڕۆژەى دووساید چوارقوڕنە- دوکان، دەستبەکار دەکەنەوە.

دوای 10 رۆژ لە داخستنی رێگەی ئیدارەى راپەڕین – سلێمانی ئەمڕۆ بڕیاری کردنەوەی رێگەکە درا و بە شۆفڵ بەربەستەکان لادران و بەڵێنیش بە خۆپیشاندەران درا کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدى (چوارقوڕنە- دوکان)، دەستپێبکاتەوە.

دواى کردنەوەى رێگەکە، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێم، لە کانى وەتمان سەردانى خۆپیشاندەرانى کرد و لەوێ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وتى،”“پڕۆژەى رێگاى دووسایدى دوکان چوارقوڕنە، ساڵى 2011 چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و دەبوایە پێش 2014 تەواو بکرێت، هەرچەندە لەو ماوەیەدا مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە و داهاتى ناوخۆش لەبندەستى حکومەتى هەرێم بووە و گرفتى دارایى نەبووە، بەڵام تا ساڵى 2019 رێژەى تەواوکردنى پڕۆژەکە کەمتر بووە لە 20%”، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى خەلەکان واى وت.

وتیشى،” لە ساڵى 2019 دەستمان بە ئیشکردن کردەوە، بەڵام راپۆرتێک لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى رێگاوبانى سلێمانى بەرزکرایەوە و تێیدا هاتبوو کە بەڵێندەرى پڕۆژەکە بڕێک پارەى زیاترى لە شایستە داراییەکانى خۆى بۆ خەرجکراوە”.

باسى لەوەشکرد، لەسەر ئەو بنەمایە بەڵێندەریان ئاگادارکردەوە کە دەبێت دەستبەکار بکاتەوە و هەمو مانگێک 20%ـى شایستە داراییەکانى لێدەبڕن لە پێشینەکانى، تاکو سلفەى پێش کۆتایى کە دەبێت هەموو شایستە داراییەکانى خۆى بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و لە ئیش بەردەوام بێت و بەڵێندەر بەوە رازى بوو.

کاتێک دەست بە ئیش کراوەتەوە، راپۆرتێک لە حکومەتەوە بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بەرز کراوەتەوە، بە وتەى دانا عەبدولکەریم، لە راپۆرتەکەدا داواکراوە کە کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێنن، تا ئەو کاتەى لێکۆڵینەوە دەکەن لە چۆنیەتیى خەرجکردنى پارە بۆ پڕۆژەکە.

وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەوکات ئەنجومەنى وەزیرانى لەوە ئاگادارکردووەتەوە، کە چارەسەریان بۆ ئەو بابەتە دۆزیوەتەوە، بەڵام دیاربوو ئەنجومەنى وەزیران پێى باش بوو لێکۆڵینەوە بکرێت.

دروستکردنى لیژنەکە و لێکۆڵینەوەکانى، ساڵێک و شەش مانگى پێچووە ئەمە بوو بە هۆکارى دواخستنى پڕۆژەکە بۆ ساڵ و نیوێک، بەڵام وەک بەپێى قسەى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، ئەنجامى لیژنەکە پەسەندکردنى ئەو چارەسەرە بووە کە پێشتر و پێش ئەو ساڵ و نیوە، وەزارەتەکەیان وەک چارەسەر خستویەتییە ڕوو.

دانا عەبدولکەریم ئەو بەڵێنەى بە خۆپیشاندەران دا:

من هاتووم کە پێتان بڵێم پشتیوانتانم و پلانێکمان ئامادە کردووە کە لەگەڵ باشبوونەوەى ئاو و هەوا، قورسایى کارکردن لەو پڕۆژەیە دەستپێدەکاتەوە و شایستە داراییەکانى بەڵێندەریش خەرج دەکرێت، ئەگەر بەڵێندەریش ئامادە نەبێت بە باشى کاربکات بیر لە رێگەیەکى تر دەکەینەوە

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەى 10 رۆژ، دانیشتوانى دۆڵى خەلەکان رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکانیان گرت و رێگایان بە هیچ ئۆتۆمبێلێک نەدا، هاتوچۆ بکات.

پڕۆژەى رێگاى دوسایدى چوارقوڕنە- دوکان چییە؟

یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژە گرنگەگانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، رێگاى سەرەکى دانیشتوانى ئیدارەى راپەڕین و سۆران و بەشێکى هەولێر و دهۆکە بە سلێمانییەوە.

پڕۆژەکە لە مەفرەقى حاجیاوا، واتا لە دەروازەى چوارقوڕنەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە قەزاى دوکان و نزیکەى 55 کیلۆمەترە.

پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:

قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت و درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە و 95 لەسەدى کارەکانى لە پێش 2021 تەواو بووە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت و هێڵکارى و ئەندازەیى و هەندێ وردەکارى ماوە.

قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا نزیکەى 10 کیلۆمەتر پێش ئەوەى بگەیت بە قەزاى دوکان و درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و گوژمەکەى 54 ملیار دینارە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت.

قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دەستى لێنەدراوە.

کێشەى سەرەکى پڕۆژەکە ئەوەیە، قۆناغى دووەمى پڕۆژەکە لە کۆتاییەکانى 2021ـەوە وەستاوە و کارى تێدا ناکرێت.

ئەو پڕۆژەیەى 13 ساڵى رەبەقە تەواو نەبووە، جارێکى دیکە ک...

ئەو پڕۆژەیەى 13 ساڵى رەبەقە تەواو نەبووە، جارێکى دیکە کارکردن تێیدا راگیرا