ئەکتەری هەرچوار پارچەکەی کوردستانی تیادایە

 فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” لە قۆناغی وێنەگرتندایە

964+

توانا نەقی

فیلمی زەوی سەخت و ئاسمان دوور فیلمێکی داستانی سینەماییەو ئێستا قۆناغی وێنەگرتنی لە کۆتاییدایە و بەم نزیکانە کارەکانی تەواو دەبێت.

فیلمەکە درامیەو کۆمەڵایەتیە و لە ناوەڕۆکدا شێوازی ریالیزمی جادووییە، چیرۆکی ئەم فیلمە هەوڵدەدات وێنەی تێکشکاوی مرۆڤی دوای جەنگ نیشان بدات.

هەوراز محەمەد دەرهێنەری فیلمەکە بە 964ـی وت، ناوی فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” لە زمانی کوردی لە بنەرەتدا ئیدیۆمێکە، کە دەلالەت لە دۆخێکی ناهەموار و پڕ تەنگژە دەکات، بەجۆرێک ئەوەی بەردەستە سەخت و ئەستەمە و هیوا و ئومێدەکانیش دوورن هێندەی ئاسمان.

وتیشی، لە ناوەڕاستی مانگی 12ـەی 2024ـەوە کاری وێنەگرتنی فیلمەکەیان دەست پێکردووە و ئێستا هەفتەیەکی ماوە تاوەکو وێنەگرتن تەواو بێت.

سیناریۆی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” نووسینی هاوبەشی نێوان هەوراز محەمەد و مەنسور تەیفورییە.

هەوراز ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە بەبەشداری دەستەیەک لە فیلمسازانی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان دروست دەکرێت، پاڵەوانانی سەرەکی فیلمەکە پێک دێن لە هونەرمەندان (بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار، دیمەن زەندی) و چەندین ئەکتەری دیکە.