نمایشى سەربازى لە کۆلێژى پۆلیسى عێراق..وێنە: کۆلێژى پۆلیس
بڕوانامەیان ساختە کردبوو
سێ خوێندکارى کۆلێژى پۆلیس دەرکران
964+
وریا فەتاح
بە پێى راگەیەندراوێکى کۆلیژى پۆلیسى عێراق، سێ خوێندکارى خولى 69ـى کۆلیژى پۆلیسیان دەرکردووە، کە بڕوانامەکانیان ساختە بووە.
لە وەڵامى سۆشیال میدیاى عێراقى کە بڵاویان کردبووەوە سێ خوێندکار بەبێ هۆکار لە کۆلێژى پۆلیس دەرکراون، کۆلێژەکە روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەلمێندراوە ئەو سێ خوێندکارە بەڵگەنامەی پەروەردەیی ساختەیان پێشکەش کردووە، بۆیە دەرکراون.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکان لە بڕوانامەى ئەو سێ خوێندکارە بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە ئەنجامدراون و گەیشتوون بەوەى کە ئەو بەڵگەنامانەی ئەو سێ خوێندکارە پێشکەشیان کردوون، ساختەن.
کۆلیژەکە روونیشى کردووەتەوە، ئەو بەڵگانامە ساختانەى لەلایەن ئەو سێ خوێندکارەوە پێشکەشکرابوون، بارکۆدیان نەبووە، ئەوەش لە کاتێکدایە سیستمى پشتڕاستکردنەوەى دەرچوون لە سەرەتاى ساڵى 2024ـەوە کاردەکات و لە رێگەى بارکۆدەکەوە وردبینى لە بەڵگەنامەکان دەکرێت.
باس لەوەشکراوە، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو خویندکارانە گیراوەتەبەر، جگە لە دەرکردنیان دۆسیەى ساختەکردنیشیان دراوەتەپاڵ.