"گردبوونەتەوە لە دژی گواستنەوەی نەفەرەکانیان لە دەرەوەی گەراج"
شۆفێرانی هێڵی کەرکوک بەغدا دەرگای گەراجیان داخست
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
گواستنەوەی نەفەر لە دەرەوەی گەراج، شۆفێرانی هێڵی کەرکوک بەغدای بێزار کرد و دەستیان کرد بە مانگرتن و دەرگەی گەراجەکەشیان داخست.هێڵی کەرکوک بەغدا 800 ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 13.1.2025 شۆفێرەکانی ئەو هێڵە، بەهۆی ئەوەی شۆفێری تر لە دەرەوەی گەراجەکە نەفرەکانیان دەبەن مانیانگرت و داوادەکەن کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.عەلی رەسوڵ، شۆفێری هێڵی کەرکوک بەغدا بە 964ـی وت، ئەوانەی لەدەوەی گەراج نەفەرمان دەبەن فەرمانبەرن زیاتر موچەکانیان ملیۆنێک و 750هەزار دینارە وچاویان لە رزقی ئێمەیە، یەکێک وەکو من تەنانەت موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیشم نیە.قاسم ئەحمەد، شۆفێرێکی دیکەیە بۆ 964 وتی، ئێستا لە نزیک گەراج، نزیکی فولکەی ترکەڵان و بەردەم فرۆکەخانە نەفەرکانمان دەبەن، ئەوان لە رۆژێکدا دوو جار سەفەری بەغدا دەکەن و ئێمەش لە مانگی دووجار، ئێمە بۆ هەر دەرچوونێکمان دەبێت 18هەزار دیناریش بدەین بە وەسڵ و سەندیکا و گەراج.
مستەفا ئەنوەر شۆفێرێکی دیکەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، دەستەی سەندیکاکان ناتوانن سزای ئەو کەسانە بدەن کە نەفەرەکانمان دەبە، بۆیە داواکارین بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ سزایان بدات بەهەمان شێوەی هەولێر و سلێمانی، شۆفێر دێت ئیش وکاری بەغدای هەیە لەدەرەوەی گەراج نەفەرەکەمان دەبات ودەڕوات.سەرچاوەیەک لە سەندیکای شۆفێرانی گەراجی بەغدا بە 964ـی وت، کۆی گشتی ئۆتۆمبێلەکان بە سەرجەم پارێزگاکانەوە کە لای ئەوان تۆمار کراوە هەزار و30 ئۆتۆمبێلە بەسەرجەم جۆرەکانیەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر