چوار کەسیش بریندارن
لە رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگەی دەشتی کۆیەدوو کەس گیانیان لە دەست دا
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2025.1.13، لە رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگەی کۆیە – دوکان لە نزیک گوندی داوداوە، دوو کەس گیانیان لە دەستدا و چوار کەسیش بریندار بوون.
رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتاکراون و ئۆپڵ ڤیکتر روویداوە، دیار نییە تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە چیبووە.
ئازاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید بە 964ـی وت، رووداوەکە لە نزیک گوندی داوداوە روویداوە، دوو کەس بە هۆی رووداوەکە گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان ژنێکە و تەمەنی 70 ساڵە و لەگەڵ پیاوێک کە تەمەنی 48 ساڵ بووە، هەر کە هێنایانە نەخۆشخانە گیانیان لە دەستدابوو، دوای رێکارەکانی بەشی فریاکەوتن تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کراوە.
وتیشی، ژمارەی بریندارەکانیش چوار کەس بوون، بارودۆخیان جێگیرە و لە لایەن ستافی نەخۆشخانەوە هەموو رێکارێکیان بۆ گیراوەتە بەر تاوەکو بە تەندروستییەکی باش نەخۆشخانە جێبێڵن.
فلکەی داوداوە ئەو شوێنەیە کە پێچێکی ئاڵۆزە لە رێگەی دەشتی کۆیە و نزیکە لە گوندی داوداوە، هۆکاری چەندین رووداوی هاتوچۆیە و شۆفێران زۆر کات لەو شوێنە تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن و قوربانی لێدەکەوێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی