رێنمایی دەرچووە
شارەوانیی هەولێر: ماددەی قەدەغەكراو بۆ شۆشتەكان بەكار مەهێنن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر لە بارەی دروستكردنی شۆستە رێنمایی دەردەكات و رایدەگەیەنێت، خاوەن موڵكەكان با دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی کاشی.
سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە 12.1.2024 لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی هاوڵاتیان و رێکخستنی شۆستە و جوانترکردنی سیمای شار، بەپێی رێنماییەک هاوڵاتیان ئاگاداردەکەنەوە لە پابەندبوون و چۆنیەتی بەکارهێنانی ماددەکانی دروستکردنی شۆستە، کە پێویستە بەپێی رێنماییەکانی شارەوانی بێت.
شارەوانی وردەكاریی زیاتری خستووەتەڕوو، “دەبێت رووبەری کشانەوەی شۆستە، شتایگەر یان بە هەمان ماددەی شۆستە رووپۆش بکرێت، کە رێگەپێدراو بێت بۆ سەلامەتی پیادەی هاوڵاتیان”.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ ئەم مەبەستە مەرجی دەرهێنانی مۆڵەتی باڵەخانە کە دیاری دەکرێت و دەبێت خاوەن موڵک پابەندی رێنمایی بێت و دوور بکەوێتەوە لە بەکارهێنانی ماددەی قەدەغەکراوی وەک کاشی، هەروەها لە رووی بەرزی و نزمییەوە پێویستە گشت باڵەخانەکان لە یەک ئاستدابن، ئەوەش بۆ سەلامەتیی هاتوچۆی هاوڵاتیان و پیادەكردنیانە.