زیاتر لە دوو هەزار سەگیش کوژراون
سەگی بێلانە لە کەرکوک هەشت منداڵی کوشتووە و پەلاماری 19 کەسیان داوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سەگی بێلانە لە کەرکوک ساڵی پار پەلاماری 19 کەسیان داوە و هەشت منداڵیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، لیژنەکانی قایمقامیەتی پارێزگاکەش دوو هەزار و 678 سەگیان کوشتووە و بەشێکیشیان گوازراونەتەوە بۆ شەڵتەری تایبەت بە پاراستنی سەگی بێلانە.
هاوڕێ رەحمان، سەرۆکی لێژنەکانی قایمقامیەتی کەرکوک بە 964ـی وت، لە ساڵی 2024 لە شاری کەرکوک دووهەزار و 128 سەگ کوژراون، 550 سەگیش گوازراونەتەوە بۆ شەڵتەری تایبەت بە پاراستنی سەگ لە ناحیەی لەیلان، لیژنەکان بەردەوامن لە کاری خۆیان.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بۆ 964 وتی، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 تا ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری کەرکوکدا بە گوند و قەزا و ناحیەکانەوە 19 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ بۆ سەر هاوڵاتیان تۆمارکراوە، لەو رێژەیەدا 8یان گیانیان لە دەستداوە، کە سەرجەمیان منداڵن، دواترینیان ئەو منداڵە بوو کە دوێنی شەممە لە قوتابخانە دەرچووە لە جوان سیتی و سەگ پەلاماریان داوە، بەشێکی جەستەی خواردووە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە بە چەند خولەکێک گیانی لەدەست دا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر