"کارەکە بە توانای ناوخۆ کراوە"
عێراق 83 کیلۆمەتری دیکە سنوری لەگەڵ سوریا کۆنکرێت کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
هێزەکانی پاسەوانی سنوور، 83 کیلۆمەتری دیکە دیوارى کۆنکرێتیان لەسەر سنوورەکان لەگەڵ سوریا درووست کردووە، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، درووستکردنی دیوارەکە بە توانای ناوخۆیی بووە و کات و پارەیەکی کەمی تێچووە.
لە کۆی 615 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و سوریا، تا ئێستا بە درێژایی زیاتر لە 400 کیلۆمەتر دیوارى کۆنکرێتی دروستکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 11.1.2025، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، کارکردن بۆ درووستکردنی دیوارى کۆنکرێتی لەو بەشەی دیکەی تا ئێستا کۆنکرێت نەکراوە بەردەوامە و پێشبینی دەکەن تا ناوەڕاستی ئەمساڵ کارەکان کۆتاییان پێ بهێندرێت.
ماوەیەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق، تیشکی خستووەتە سەر پرۆسەی بەهێزکردنی ئاسایشی سنوری عێراق، نوسینگەکەی دەڵێت، لێک تێگەشتنیان لە نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوەی نوێترین تەکنەلۆژیاکانی سەردەم بەکار بهێنن لە پارێزگاریکردنی وڵاتدا.