لە نۆ مانگدا
یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لە پەروێزخان و مونزەریەوە هاتوچۆیان کردووە
964+
شۆڕش قادری
هاتوچۆی گەشتیاران لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە و تەنیا لە ماوەی نۆ مانگدا، یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لە سنورەکانی پەروێزخان و مونزەریەوە هاتوچۆیان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری یەزدان خوسرەوی سەرپەرشتیاری رێگاوبانی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، “لە 21.3.2024 تا 21.12.2024، یەک ملیۆن و 277 هەزار گەشتیار لەڕێی مەرزی مونزەریە و 223 هەزار کەسیش لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە هاتۆچۆیان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە ساڵی 2023 لەو کاتەدا، هاتوچۆی گەشتیار لە مەرزی مونزەریە 51٪ و لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش 2.13٪ زیادی کردووە.
هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و مونزەرییە دوو لە مەرزە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانن کە پەروێزخان کەوتووەتە نێوان قەزای کەلار و شاری قەسری شیرینـی سەر بە پارێزگای کرماشان و مونزەریەش لە نێوان خانەقین و قەسری شیرین لە رۆژهەڵاتی کوردستانـدایە.