چی كراوە؟
سبەی بارانە و هەولێر بەخۆكەوتووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، هەڵمەتی گشتیی خاوێنكردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەرەكانی ئاویان ئەنجامداوە، ئەمەش پێش ئەوەی سبەی باران ببارێت، هەروەك كەشناسی پێشبینیی كردووە.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ هەینی 10.1.2025 بڵاویكردەوە، تیمەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، هەڵمەتێکی گشتگیریان بۆ خاوێنکردنەوە و کردنەوەی تەواوی مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ئاووەگرتن، کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکان، پاککردنەوەی تەواوی ژێر پرد و سەر پردەکانی پەڕینەوەی پیادە ئەنجام دا.
ئەو هەڵمەتەی شارەوانیی هەولێر دوای ئەوەدێت، پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە كوردستان، باس لەوە دەكەن سبەی دوای نیوەڕۆ شەپۆڵێكی باران و سەرما روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و لە چەند ناوچەیەكیش باران دەبارێت.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هەر كاتێك لە هەولێر باران ببارێت، لە چەند شوێنێك ئاو پەنگ دەخواتەوە و لافاویش دروست دەبێت، ئەمەش بەشێكی پەیوەندی بە گرتنی رێڕەوەكانی ئاو و هەروەها گیران و پیسبوونی مەنهۆڵ و چەپەرەكانی ئاووەرگرتنە.