"عێراق وڵاتێکی بەهێزە و بڕیارەکانی گرنگن"
ئێران پشتیوانی لە دەستپێشخەری عێراق بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە دەکات
964+
شۆڕش قادری
پاش سەردانەکەی سودانی بۆ تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران، عێراق بە وڵاتێکی بەهێز ناودەبات و دەڵێت، پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکانی بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە دەکەن.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەهد رایگەیاندووە، “حکومەتی عێراق لەڕێی دیپلۆماسی گرنگ، ئەرێنی و بەردەوام پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە راگرتووە”.
“عێراق وڵاتێکی بەهێزە و بڕیارەکانیشی گرنگن و وڵاتان گوێی لێدەگرن”، عێراقچی وای وتووە.
وەزیر دەرەوەی ئێران بە ئاماژەپێدان بەوەی کە لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی سودانی بۆ ئێران، چەند پرسێکی گرنگ لە بواری سیاسی و ئەمنیی تاوتوێ کراون، رایگەیاندووە، “پشتیوانی لە بڕیارە ناوخۆییەکانی عێراق و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ چارەسەری پرسەکانی ناوچەکە دەکەین”.
رۆژی چوارشەممە 8.1.2025 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق چووە تاران و لەگەڵ عەلی خامنەئی رێبەر و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.