هەشت ئامانجیان داناوە
ئایاری ئەمساڵ وادەی کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکەی زانکۆی گەرمیانە
964+
ئەحمەد مستەفا
زانکۆی گەرمیان پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (بوژاندنەوەی گەوهەرە مێژوویی و کولتورییەکان لەپێناو پەرەپێدانی داینەمیکی و بەردەوامی گەشتوگوزاریدا) لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامدەدات.
کۆنفڕانسەکە، بەهاوبەشی بەشی میراتی کەلەپوری- ئەلما ماتەر ستۆدیۆروم- زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵیا و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان بەڕێوەدەبرێ.
رۆژانی 27-28ی مانگی ئایاری 2025 لە ناوەندی قەزای کەلار کارەکانی ئەنجامدەدرێ، دواتریش توێژینەوە پەسەندکراوەکان لە ژمارەیەکی تایبەتی (گۆڤاری ئاران)ی زانکۆی گەرمیان بڵاودەکرێنەوە. بۆ زیاتر زانیاری کلیک بکە؛
لە راگەیەندراوێکدا، لە پێگەی خۆی زانکۆی گەرمیان دەربارەی ئامانجەکانی کۆنفرانس نوسیوویەتی؛
1. تیشک خستنەسەر ستراتیجییەکانی هەماهەنگیی پاراستنی شوێنە شوێنەواری و مێژووییەکان لەگەڵ بەرهەم هێنان لە زیادکردنی خواست لەسەر گەشتکردن بۆیان، لەڕێگەی کەمکردنەوەی زیانە ژینگەیی و کەلەپورییەکان و بەرزکردنەوەی سوودە ئابووری و پەروەردەییەکان، بە جەختکردنەوە لە سیاسەت، پلاندانانی شارەکان و هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرەوپێشبردنی گەشتیاریی کەلەپوریدا.
2. لێکۆڵینەوە لە کاریگەریەکانی تەکنۆلۆجیای نوێ (ڕاستی گریمانەیی (VR) و ڕاستی بەرزکراوە (AR) و چیرۆکگێڕانەوەی دیجیتاڵی) لە پاراستن و پەرەپێدانی میراتی کەلەپوری (مەعنەوی و نامەعنەوی) و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.
3. تاوتوێکردنی ڕۆڵی میراتی شوێنەواری و کەلەپوری لە بونیادنان و پاراستنی ناسنامەی کەلتوری و نەتەوەیی هاوبەشدا.
4. دەستنیشانکردنی کاریگەریی گەشتیاریی کەلەپوری لە فراوانکردنی تێگەیشتنی نێوان کولتورەکان و ڕۆڵی لە زیندووهێشتنەوەی یادەوەریی جینۆساید و پاراستنی ناسنامەی کەمایەتییە نەتەوەییەکاندا.
5. دیاریکردنی کاریگەری هۆکارە ژینگەییەکان، شەڕ و ململانێکانی مرۆڤ لەسەر تێکدان و شێواندنی شوێنە شوێنەواری و کەلەپوریەکان.
6. گرنگیدان به ڕۆڵی کۆمەڵگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرجەستەکردنی خۆڕاگری و پێشنیارکردنی چارەسەری پراکتیکی و داهێنەرانە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەو میراتە میژوویی و شوێنەواریانەی مەترسیان لەسەرە، پشتبەستوو بە تەکنۆلۆجیا بۆ چاودێریکردن، تۆمارکردن و کەمکردنەوەی مەترسیەکان.
7. دەرخستنی کاریگەریی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان لە پاراستنی شوێنە شوێنەواری و مێژووییەکاندا.
8. لێکۆڵینەوە لەگرنگیی میراتی کولتوری نامەعنەوی، وەکو فێستیڤاڵ، پێشانگا کولتوریەکان و بۆنە و مەراسیمە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی، بوژاندنەوەی شوێنە شوێنەواری و کولتورییەکان و ڕەخساندنی هەلیکار و بوژاندنەوەی ئابوری.
خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان ھەڵە لە کتێبێکی پزیشکی دەدۆزێتەوە