"53 دەفتەری ئاو و ئاو چوو"
پیاوە پارە دزراوەکەی کەرکوک ورد و درشتی چیرۆکەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە
964+
كاروان ساڵحی –كەركوك
چوار مانگە 800 ملیۆن لە خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو براوە، دەرگا نەماوە لێی نەدات دزەکان نادۆزرێنەوەو نادۆزرێنەوە.
سەید نەبیل كاكەیی ماوەی 35 ساڵە خاوەنی نوسینگەی دۆمیزە بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە کەرکوک، تازە ئاشکرای کردووە کە چوار مانگ لەمەوبەری بڕی هەشت سەد ملیۆن دیناری لێبراوە، ئەم چوار مانگە هەر لەگەڵ پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان خەریک بووە دزەکانی بۆ بدۆزنەوە، دوای ئەوەی بێهیوا بووە ئینجا میدیاکانی تێگەیاندووە.
هەشت سەد ملیۆن زۆر زۆرە، ئەگەر بە دۆلار لێکی بدەیتەوە زیاترە لە 53 دەفتەر، یان زیاترە لە نیو ملیۆن دینار.
سەید نەبیل قسەی بۆ مایکی 964 کردو چیرۆکەکەی گێڕایەوە و وتی: رۆژی 29.08.2024 لە یەكێك لە بانكەكان بڕی 800 ملیۆن دینارم وەرگرت لە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەكە دانا و پاشان رۆیشتم بۆ بانكێكی دیكە پارەی دیكە وەربگرم ئۆتۆمبێلەكەم لە پاركێكی نزیك بانكەكە دانا و بە پاسەوانی پاركەكەم وت كە ئاگاداری بێت، دوای ئەوەی چومە ژوورەوە دەرچوم بینیم جامی ئۆتۆمبێلەكە شكاوە و پارەی ناو سندوقەكەشیان بردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ كامێرای ناو بانكەكە دەركەوتە كە سێ كەسن یەكێكیان بە پاسەوانەكە دەڵێت ئەو ئۆتۆمبێلەی دەرەوە هی كێیە و رێگای گرتووە، دوو كەسی دیكە جامەكەی دەشكێنن و پارەكە دەدزن و دەرۆن.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوەو دەست 964 کەوتووە بە روونی دەردەکەوێت دزەکان چۆن پارەکە دەبەن.
بە قەولی خاوەن پارەکە، دزەکان ئۆتۆمبێلەکەیان بێ سەرەتایە و سەردەستەکەیان شەوی پێشتر لە هۆتێلێک بێ ناسنامە لە کەرکوک ماوەتەوە.
سەید نەبیل داوای یاسایی کردووە و چوار مانگە چاوەڕێیە بەس هیچی دەست نەکەوتووە، ”دەڵێ ئەگەر کار وابڕوات ناچار خۆمان چەک هەڵدەگرین و پاسەوانی خۆمان دەکەین”.